گازی بەسرە: ناتوانین راستەوخۆ گاز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرین؛ بڕیارەکە لای بەغدایە


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای گشتیی گازی بەسرە رایدەگەیێنێت، ناردنی گازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و پرسێکی "ناوەندییە"، دەبێت حکومەتی فیدراڵیی عێراق بڕیاری لێبدات. 
 
دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کۆمپانیای دانەگاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر کارەکانی راگرت. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی تەنگژەیەکی گەورە لە کەرتی کارەبا و کەمبوونەوەی گازی ماڵان (LPG) لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک ئێستا لە بازاڕی رەشدا نرخی یەک بوتڵ گاز گەیشتووەتە 25 هەزار دینار.
 
حوسام بەتات، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای گشتیی گازی بەسرە، رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیاکەمان گاز بۆ دەوڵەت دابین دەکات، دەوڵەتیش خۆی لە رێگەی کۆمپانیاکانی ئامادەکردنی گاز و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دابەشی دەکات."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای گازی بەسرە دەڵێت دابەشکردن و ناردنی گازی شل بۆ هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و گوتی: "بابەتەکە ناوەندییە و دەبێت دەوڵەت بڕیاری لەبارەوە بدات."
 
مورفی کازم ئەسەدی، جێگری بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای گازی بەسرە، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزیوە، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بڕی ئەو گازە هەبووە، کە کۆمپانیاکە وەریدەگرێت.
 
سەبارەت بە ئامارەکانی ئێستای بەرهەمهێنان، ئەسەدی گوتی: "ئێستا رۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کێڵگەکانی روومێلەی باکوور و زوبێر بەرهەم دەهێندرێت. ئەمەش وایکردووە رۆژانە 3000 تۆن گازی شل (LPG) بۆ پێداویستیی نێوخۆیی وڵات و 400 ملیۆن پێ سێجا گازی وشک بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکەین."
 
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، لەم دۆخەدا دامەزراوەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کاردەکەن بۆ گەرەنتیی بەردەوامیی دابینکردنی وزە و ئێستا وەک دەرفەتێک سوود لەم بارودۆخە وەردەگرن بۆ  کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە یەکەکاندا.