عێراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ 72 کاژێری دیکە درێژکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بڕیاری دا ماوەی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ 72 کاژێری دیکە درێژبکاتەوە، ئەوەش بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی، بڕیارەکە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026 ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 22ی ئادار بەردەوام دەبێت. ئەم بڕیارە هەموو گەشتە هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبووەکان (ترانزێت) دەگرێتەوە.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە وەک رێکارێکی "خۆپارێزیی کاتی" گیراوەتەبەر و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامە بۆ دۆخی ئەمنی و پێشهاتە هەرێمییەکان.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر نوێکارییەک کە لە داهاتوودا رووبدات، ئاگادار دەکرێنەوە.
لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە، کاتێک هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە مەدەنییەکاندا داخراوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەریەک لە ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، ئاسمانی عێراق وەک رێڕەوێک بۆ هاویشتنی مووشەک و فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان لە جەنگەکەیاندا بەکاردەهێنن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر سەلامەتیی فڕۆکە مەدەنییەکان دروستکردووە.