بەغدا لە دژی بۆردوومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی سکاڵای یاسایی تۆمار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق دەستی بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دژی ئەو لایەنەی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی بۆردوومان کردووە. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش دەڵێت، "بێدەنگ نابین."
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە بە تووندی ئەو هێرشە ناپاکانە و ترسنۆکانەیە شەرمەزار دەکەین کە کرایە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، کە دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی حکومەتە."
سەباح نوعمان پێیوایە هێرشەکان هیچ پاساوێکیان نەبووە و عێراق لە ئاست هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی بێدەنگ نابێت. گوتیشی: "دەستکراوە بە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو لایەنەی بووەتە هۆی شەهیدبوونی پاڵەوانانی حەشد و هێزە ئەمنییەکان."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەش کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی تایبەتی بۆ سەردانیکردنی ماڵباتی قوربانییەکان و بەدواداچوونی دۆخی بریندارەکان پێکهێناوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون کە هەموو جۆرە پاڵپشتی و چاودێرییەکی پزیشکی بۆ بریندارەکان دابین بکەن تاوەکو بە تەواوی چاک دەبنەوە.
ئەم هەڵوێستەی بەغدا لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گروپەکانی "موقاوەمەی ئیسلامی" لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کراون، کە کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە.