هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان بەربژێرکردنی وەزیری بەرگری لە دەرەوەی پێکهاتەی سوننە رەتدەکاتەوە

 
 
رووداو - هەولێر 

هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەربژێرکردنی وەزیری بەرگریی عێراق لە دەرەوەی پێکهاتەی سوننە رەتدەکاتەوە.
 
رەعد دەهلەکی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان رایگەیاند، لە کابینەی وەزاریی مستەفا کازمیدا هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان ناوی بەربژێری پۆستە وەزارییەکانی پێکهاتەی سوننە  پێشکەش دەکات، کازمییش لەنێو ناوەکاندا دیارییان دەکات.
 
رەعد دەهلەکی ئاماژەی بەوە کرد، هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان رەتی دەکاتەوە بەربژێری وەزارەتی بەرگریی عێراق لە دەرەوە پێکهاتەی سوننە بێت و ئەوەشیان بە کازمی گوتووە. 
 
دەهلەکی باسی لەوە کرد، هاوپەیمانێتییەکەیان بە روونی و راشکاوی پشتیوانی لە کازمی دەکات، تاوەکو ئێستاش ناوی بەربژێرەکانیان پێشکەش بە کازمی نەکردووە.
 
بەپێی زانیارییەكان، شەش وەزارەت دەدرێتە سوننە لەوانەش وەزارەتی بەرگری و خوێندنی باڵا. كە چوار لەو وەزارەتانە بۆ هاوپەیمانی هێزەكان دەبێت بەسەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان.
 
مستەفا كازمی لە تویتێكدا پێشتر رایگەیاندبوو كە " تیمێكی حكومی بەتوانا و پاكمان دەوێت كە بەرەنگاری قەیرانەكان ببێتەوە و وڵات بەرەو سەركەوتن و بەدیهێنانی داواكارییەكانی خەڵك ببات".
 
مستەفا كازمی كە نووسەر و رۆژنامەڤان بووەو، لەساڵی 2015ەوە پۆستی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری عێراقی وەرگرتووە، لە 9ی نیسان لەلایەن سەرۆككۆماری عێراق بەرهەم ساڵحەوە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە، رۆژێك بەرلەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی لە راسپاردنی راگەیاند، بەوشێوەیەش عەدنان زورفی خۆی لە پێكهێنانی كابینەی تازە كێشایەوە.