پۆلیسی کەرکووک هاوژین و منداڵەکانی سەعد کەمبەش دەستگیر دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە پۆلیسی کەرکووک هاوژین و منداڵەکانی و برایەکی سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننەی عێراقیان دەستگیر کە دەیانویست لە بەغداوە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵبێن. ئەمەش دوای ئەوەی کەمبەش لە بنکەیەکی پۆلیسی بەغدا هەڵات.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژی چوارشەممە 19-04-2023 دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، دەوروبەری کاژێر 4:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هاوژین و دوو کوڕ و کچێک و برایەکی سەعد کەمبەش لەلایەن پۆلیسی کەرکووک لە بازگەیەکی شارەکە دەستگیرکراون و راستەوخۆ رادەستی بەغدا کراونەتەوە.
 
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، خێزانی کەمبەش ویستوویانە بەرەو شاری هەولێر ببن، بەڵام لە بازگەی کەرکووک - هەولێر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون. 
 
سەعد کەمبەش، سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننەی عێراق بوو، درەنگی شەوی سێشەممە لە بنکەی پۆلیسی کەرادەمریەم لە بەغدا رایکرد کە لەسەر گەندەڵی سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
 
لەوبارەیەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری دا بە دەستبەسەرکردنی ئەفسەری بەشی پۆلیسی ساڵحییە و ئەفسەری بنکەی پۆلیسی کەرادەمریەم و ئەفسەری ئێشکگری بنکە، بەهۆی هەڵاتنی تۆمەتبار سەعد کەمبەش لە بنکەکە."
 
هاوکات وەزارەتی ناوخۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت و هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنەوەی ئەو تۆمەتبارە بەردەوامە. 
 
رۆژی 12ـى نیسانى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد کە دادگەى ناوەندى بنبڕکردنى گەندەڵیى عێراق بەشێوەى ئامادە نەبوون، سەعید کەمبەش، سەرۆکی پێشووترى دیوانى وەقفى سوننەی بە چوار ساڵ بەندکردن سزاداوە، ئەوەش بە تاوانی کارکردن بە پێچەوانەى ئەرکى وەزیفى خۆی و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵى گشتى.
 
رۆژی 21ى ئادارى 2023، سەعد کەمبەش، سەرۆکى پێشووترى وەقفی سوننەی عێراق لەسەر چەند دۆسیەیەک لە پارێزگاى دیالە دەستگیرکرا، کە یەکێکیان گرێبەستى کڕینى هۆتێل رامادا بووە لە شاری هەولێر.