بەرپرسێکی باڵا: قائانی سەردانی بەغدای کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، رۆژی شەممە سەردانی بەغدای کردووە، بۆئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان کۆببێتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق.
 
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پرسی بنبەستی سیاسی لەبارەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی سەردانەکەی قائانی. ئەمە یەکەمین سەردانی راگەیێندراوی قائانییە بۆ دەرەوەی وڵات لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 8ی نیسانەوە.
 
قائانی فەرماندەیی فەیلەقی قودس دەکات، کە باڵی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە و سەردانەکانی بۆ عێراق بە دەگمەن ئاشکرا دەکرێن.
 
عێراق لەمێژە لەنێوان ململانێ و کاریگەرییەکانی هەردوو هاوپەیمانەکەیدا (ئێران و ئەمریکا) رۆڵ دەگێڕێت، سەرکردەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام هەوڵیان داوە هاوسەنگییەکی هەستیار لەنێوان ئەو دوو نەیارەدا بپارێزن.
 
بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ئێرانەوە نزیکن، کە ئەوانیش لای خۆیانەوە هێرشیان دەکردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە، پریشکی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەر عێراقیش کەوت.
 
بەرپرسە عێراقییەکە کە نەیوسیتووە ناوی بهێنرێت، ئاماژەی بەوەش کردووە، قائانی "کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و ژمارەیەک لە فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان هەیە" و ئامانجی سەردانەکەش "کارکردنە بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق."
 
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، قائانی "هەوڵ دەدات هەڵوێستی هاوپەیمانەکانی تاران لە عێراق هاوئاهەنگ بکات و دڵنیایی بدات لەوەی دۆخی ئەمنی لەم کاتە هەستیارەی عێراق و ناوچەکەدا تێکنەچێت."
 
سەرچاوەیەک لە گرووپێکی چەکداری بەهێزی نزیک لە تاران و دوو سەرچاوەی دیکەی نزیک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە هاوپەیمانیی لایەنە شیعە فەرمانڕەواکانە، هەواڵی سەردانەکەیان بۆ فرانس پرێس پشتڕاستکردووەتەوە. هەموو سەرچاوەکان بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناویان قسەیان کردووە.
 
بەرپرسە باڵاکەی عێراق دەشڵێت، سەردانەکە بەشێکە لە "هەوڵەکانی ئێران بۆ پشتگیریکردنی رێڕەوی لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە عێراقییەکان و لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانیان، بەتایبەت لە سایەی بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر حکومەت."
 
پرسی پێکهێنانی حکومەت لە مانگی کانوونی دووەمەوە تووشی بنبەست بووە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی بۆ عێراق کرد، کاتێک چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتگیریی نووری مالیکی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران.
 
ترەمپ رایگەیاندبوو، ئەگەر مالیکی، کە دوو خول سەرۆکوەزیران بووە و پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئێران هەیە، بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، واشنتن کۆتایی بە هەموو هاوکارییەکانی بۆ عێراق دەهێنێت.
 
چەند سەرچاوەیەکی سیاسی بە فرانس پرێسیان راگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەمزووانە بەربژێرێکی نوێ دیاری بکات.