وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: ئێران 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە تەنگەی هورمز گەڕاندینەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای داخستنەوەی تەنگەی هورمز و گەڕاندنەوەی کەشتییەک، کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی بارکردبوو، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، پلانیان هەبووە لە سێ رۆژی داهاتوودا چوار ملیۆن بەرمیلی دیکە هەناردە بکەن، بەڵام داخرانی تەنگەکە، پلانەکەی هەڵوەشاندووەتەوە. دەشڵێت، دەیانەوێت هەناردە لەڕێگەی بۆرییەوە بگەیێننە سەروو 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
رۆژی یەکشەممە، 19ی نیسانی 2026، باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی پێنجشەممە کاژێر 06:00ی ئێوارە کەشتییەک لە بەندەری بەسرە لەنگەری گرتووە بۆ ئەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بار بکات و لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە بیگوازێتەوە.
بەڵام دوای ئەوەی کە سوپای پاسداران بڕیاری داخستنی تەنگەی هورمزی دا، بەگوێرەی ماڵپەڕی تانکەر تراکەرز، ئەو کەشتییەی کە نەوتی عێراقی هەڵگرتبوو گەڕێندراوەتەوە.
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "ئەگەر دۆخی تەنگەی هورمز وەکو پێش جەنگی لێ نەیەتەوە و گەرەنتیی سەلامەتی کەشتییەکان و بارە نەوتەکان نەکرێت، ئەوا هەناردەکردنی نەوت لەو رێگەیەوە ناگەڕێتەوە دۆخی جاران."
بە گوتەی باسم محەممەد خزەیر، بڕیاربووە رۆژانی 21 و 22ی ئەم مانگە، دوو کەشتی دیکە بگەنە بەندەری بەسرە و چوار ملیۆن نەوت بار بکەن. بەڵام داخستنی تەنگەکە ئەو پلانەی پەکخستوون.
لەبارەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، باسم محەممەد دەڵێت، ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کەرکووک و بەسرە رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە؛ "نزیکەی 50 بۆ 90 هەزار بەرمیلی نەوتی بەسرە و 30 بۆ 40 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستانە، ئەوەشی دەمێنێتەوە نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکە."
دەشڵێت، پلانیان هەیە هەناردەی نەوتی بەسرە لە رێگەی بۆریی جەیهانەوە بگەیێننە 150 هەزار بەرمیل.
بریکاری وەزارەتی نەوت باسی لەوەش کرد، رۆژانە لە کێڵگەکانی باشوورەوە 450 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوگە نێوخۆییەکان دابین دەکەن. کە بە گوتەی ئەو، ئەو بڕە نەوتەش کە لە پاڵاوگەکان دەمێنێتەوە لەڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی دەکەن.
بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا کە بە "هێڵی بۆریی نیشتمانی بۆ بەندەری جەیهان" ناو دەبرێت. هێڵەکە لە کاتی شەڕی داعشدا زیانی بەرکەوت و هەناردەکردن لەڕێگەیەوە راگیراوە. باسم محەممەد گوتی، "پشکنینی بۆرییەکانی هێڵی نیشتمانیی لە قۆناخی کۆتایی دایە."
هێڵەکە لە دوو بۆریی 46 ئینجی و 40 ئینجی پێکدێت، کە ئەو بۆرییە بە نێو موسڵدا دەگاتە پێشابوور و لەوێوە بۆ نێو خاکی تورکیا.
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "15 بۆ 20 رۆژی دیکە کارەکانی پشکنینی بۆرییەکە تەواو دەبێت. لە ئەگەری کاراکردنەوەی، سەرەتا رۆژانە ە 350 هەزار بەرمیلی پێدا هەناردە دەکرێت و دواتر پلانەکە بەوجۆرەیە کە هەناردە بگەیێنینە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
رۆژی 31ی مانگی رابردوو، دەروازەی گومرگیی وەلید لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا بە فەرمی کرایەوە و یەکەم کاروانی بارهەڵگری نەوتی رەشی عێراق لە دەروازەکەوە بەرەو سووریا بەڕێکەوتن.
باسم محەممەد خزەیر گوتی، "مانگانە نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رەش لە رێگەی تەنکەرەوە هەناردەی بەندەری بانیاس دەکرێت لە سووریا و هەناردەش بەردەوامە."