وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: رێگەی گەشەپێدان لە قۆناخی دیزاینی ورد دایە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، قۆناخی دیزاینە سەرەتاییەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەواوبووە و چوونەتە قۆناخی دیزاینە وردەکانەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پڕۆژەکە عێراق دەخاتە "نێوجەرگەی هاوکێشە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان".
 
رۆژی یەکشەممە، 19ی نیسانی 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هەنگاوی گەورەی بڕیوە و گوتی، "قۆناخی دیزاینە سەرەتاییەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە و ئێستا چووینەتە قۆناخی دیزاینە وردەکان. کارەکان لە رێڕەوە وشکانییەکان و هێڵەکانی شەمەندەفەردا بە خێرایی و پێشکەوتنێکی بەرچاوەوە بەڕێوەدەچن."
 
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە، مەیسەم سافی رایگەیاند، حکومەت پشت بەو توێژینەوە و ستراتیژییانە دەبەستێت کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمانەوە ئامادەکراون، کە تێیدا وردەکاریی بەڕێوەبردن، ژێرخانی هێڵەکان و دەرفەتی وەبەرهێنانەکان دیاریکراون.
 
رۆژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیادا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی داخستنی تەنگەی هورمزی لە 28ی شوباتەوە کرد و پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی وەک جێگرەوەی تەنگەی هورمز ناوبرد. ئەردۆغان گوتی: "دەبینین جەنگ وایکردووە وڵاتانی دراوسێ بۆ گەیاندنی سەرچاوەکانی وزەیان بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، بە خێرایی زیاترەوە بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێن. ئێمە وەک تورکیا لە بوارەکانی وزە و پەیوەندیدا لەڕێی دیدگە و پرۆژەی وەک رێگەی گەشەپێدان، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئامادەی هاوئاهەنگین و دەمەوێ ئەمە بزانرێ". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق باسی لە گرنگیی جیۆپۆلەتیکی پڕۆژەکە کرد و گوتی: "رێگەی گەشەپێدان تەنیا رێڕەوێکی ئابووری یان لۆجیستی نییە، بەڵکو سیستمێکی گشتگیرە کە شوێنی عێراق لە نێو جەرگەی هاوکێشە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکاندا دووبارە دادەڕێژێتەوە و رۆڵێکی کاریگەر بە وڵات دەدات، لە بەستنەوەی وڵاتانی رۆژهەڵات بە رۆژئاوا."
 
بەندەری فاو؛ وێستگەی یەکەم بەرەو کۆتایی دەچێت
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە باسی لەوە کرد، لە بەندەری فاودا سێ پڕۆژەی سەرەکیی ژێرخان تەواو بوون، کە بریتین لە پێنج شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتییەکان، کەناڵی دەریاوانی و رێگەی بەستنەوە بە درێژیی 62 کیلۆمەتر.
 
مەیسەم سافی باسی لەوە کرد، کارەکان لە "گۆڕەپانی کۆنتێنەرەکان" گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و رایگەیاند، رێژەی جێبەجێکردنی کارەکانی گۆڕەپانی کۆنتێنەرەکان لە 98٪ی تێپەڕاندووە. 
 
مەیسەم سافی گوتی، پڕۆژەکە تەنیا رێگا و بەندەر نییە، بەڵکو "دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی لە چەندین پارێزگا و شارێکی پیشەسازیی گەورە لە فاو لەخۆدەگرێ، لەگەڵ بەستنەوەی چەندین فڕۆکەخانە بەم سیستمەوە".
 
مەیسەم سافی رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە دەبێتەهۆی دروستکردنی بنکەیەکی بەهێز کە گواستنەوە، پیشەسازی و خزمەتگوزارییە لۆجیستییەکان بەیەکەوە گرێ دەدات و "ئاسۆی نوێ بۆ گەشەپێدانی ئابووریی نێوخۆیی دەکاتەوە."
 
رێگەی گەشەپێدان 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەری فاو لە بەسرە دەستپێدەکات و لە سنووری پێشابوورەوە دەچێتە نێو باکووری کوردستان و تورکیا.
 
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و حکومەتی عێراق دەیەوێت هاوتەریب لەگەڵ هێڵەکە، بۆریی گواستنەوەی وزەی هەبێت و ساڵی 2050 تەواو دەبێت؛ پێشبینی دەکرێت ساڵانە داهاتەکەی بگاتە 4 ملیار دۆلار.