سبەی دەروازەی سنووریی رەبیعە دەکرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی 13 ساڵ لە داخرانی، بڕیارە سبەی دەروازەی سنووریی رەبیعە لەگەڵ سووریا بکرێتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر هەلی کار بۆ خەڵکی ناحیەی رەبیعە و دەوروبەری دەڕەخسێنێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، جێگری پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە 18-02-2026، رایگەیاند، بڕیارە سبەی دەروازەی رەبیعە لەگەڵ سووریا بکرێتەوە.
 
غەزوان داودی، تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کردنەوەیدا بەڕێوەبەری گشتیی دەروازە سنوورییەکان و پارێزگاری نەینەوا ئامادە دەبن.
 
هاوکات فەواز مەشعان، بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە سبەی دەروازەکە بکرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا کارکردن لە دەروازەکە بەردەوامە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رەبیعە دەڵێت، "ئەم دەروازەیە شادەمارێکی گرنگی ئابوورییە بۆ وڵات، بە سووریا و هەروەها بە تورکیاشەوە دەمانبەستێتەوە بەهۆی نزیکیی تورکیا لەم دەروازەیەوە."
 
ئاماژە بەوەش دەکات، دەروازەکە وەک سەرچاوەیەکی داهات دادەنرێت؛ "پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان سووریا و عێراق بەهێز دەکات. هەروەها دەبێتە هۆی رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر لە هەلی کار بۆ خەڵکی ناحیەی رەبیعە و ناوچەکە."
 
لەلایەکی دیکەوە، موشیر رەماح، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەروازە و گومرگییەکانی سووریا بە رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە 20ی نیسان، دەروازەی سنووریی یەعروبییە (تەلکۆچەر) بە فەرمی دەکرێتەوە.
 
موشیر رەماح گوتی، "هەموو ئامادەکارییە تەکنیکی و ئەمنییەکان بۆ کاراکردنەوەی دەروازەکە تەواو بوون."
 
دەروازەی رەبیعە 120 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە.
 
لە 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، دیوی سووریای دەروازەی رەبیعەی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە، کەوتووەتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، پێشتر بەدەست هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە بوو.
 
دەروازەی سنووریی رەبیعە، لە دیوی رۆژئاوای کوردستان پێیگوترێت تل کۆچەر( کە لە سووریا بە دەروازەی یەعڕوبیە ناسراوە) لە ساڵی 2014ـەوە، دوای هێرشەکانی رێکخراوی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، بە فەرمی بەڕووی هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاریدا داخرا.