سەربازیی زۆرەملێ لە عێراق 19 ساڵان دەگرێتەوە و نەچوون بۆ خزمەتەکە سزای بەندکردن و پێبژاردنە

 
 
رووداو دیجیتاڵ

خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بەگوێرەی پێشنیازەیاسایەک لە پەرلەمانی عێراق، لە 19 ساڵییەوە دەستپێدەکات، پابەندنەبوون بەو خزمەتە سزای بەندکردن و پێبژاردنی هەیە کە دەگاتە 2 ملیۆن دینار و رێگری لە گەشتکردنی لێ دەکرێت، خزمەتەکە بەگوێرەی بڕوانامەی کەسەکە لەنێوان 18 بۆ 3 مانگە، بەڵام کوڕی تاقانە ناگرێتەوە.
 
پەرلەمانی عێراق، یەکشەممە 19ـی نیسان یەکەم هەنگاوی بە ئاراستەی پەسندکردنی پێشنیازەیاسای خزمەتی سەربازی هاویشت، کاتێک خوێندنەوەی یەکەمی کرد، 198 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون بەبێ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە.
 
پێشنیازەیاساکە لە ساڵی 2021 ئامادە کرا، بەڵام لە خولی پێشووی پەرلەمان بەهۆی ناکۆکی لەبارەیەوە هەنگاو بۆ پەسندکردنی نەنرا.
 
تاووتوێکردنی پێشنیازەیاساکە کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەتایبەت کە ماددەکان ئاماژەن بۆ سەربازیی زۆرەملێ بۆ نێو سوپا، کە لە ساڵی 2003ـەوە لە عێراق کاری پێناکرێت، بەڵام هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند لەگەڵ ئەوە نییە پڕۆژەیاساکە ناوبنرێت "سەربازیی زۆرەملێ" و نایانەوێت کۆمەڵگە بەسەربازی بکەن.
 
پێشنیازەیاساکە لە 66 ماددە پێکهاتووە؛ لە هۆکاری دەرچوواندنیدا هاتووە کە بۆ ئەوەیە سوپای عێراق بەهێز بکرێت و دەرفەت بۆ هاووڵاتییان لە رەگەزی نێر بڕەخسێندرێت کە خزمەتی سەربازی بکەن.
 
دوای خوێندنەوەی یەکەمی پێشنیازەیاساکە، قۆناغی خوێندنەوەی دووەمی ماوە بەر لەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کە لیژنەی پەیوەندیداری ئەو پرسەیە، 19ـی نیسان لەبارەی ئەو پێشنیازەیاسایەوە کۆبووەوە و بڕیاری دا بە "وردی لێکۆڵینەوە" لە پێشنیازەیاساکە بکرێت و تێبینییەکانی ئەندامانی لیژنەکە لەبەرچاو بگیرێت.
 
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە دووری زانی پێشنیازەیاساکە پەسند بکرێت بەهۆی زۆریی ناکۆکی لەبارەیەوە و هەبوونی پابەندیی دارایی.
 
مازن غەریب بە رووداوی گوت: "ئەو پێشنیازەیاسایە پابەندیی دارایی لەسەر حکومەت زیاد دەکات، لەکاتێکدا ئێستا دۆخی ئابووریی عێراق ناجێگیرە؛ ئەگەر ئەو پێشنیازەیاسایە دەربچوێنرێت، لە یەکەم هەنگاودا نزیکەی 1 ملیۆن سەرباز دادەمەزرێندرێن، کە لە مووچە و پێداویستی و خۆراک و چەک خەرجییەکی زۆری دەوێت."
 
پێشنیازەیاساکە ماوەی خزمەتی سەربازیی بە 18 مانگ دیاریکردووە بۆ ئەو کەسەی کە نەیخوێندووە یان لە خوێندن دابڕاوە یان خوێندنی ناوەندی تەواو نەکردووە و تەمەنی 23 ساڵی تێپەڕاندووە، بەڵام ئەو کەسانەی خوێندنی ئامادەییان تەواو کردووە خزمەتی سەربازییان 12 مانگ دەبێت، بۆ ئەو کەسانەش کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان بن ماوەی خزمەتەکە 9 مانگ دەبێت، بۆ خاوەنی بڕوانامەی ماستەر 6 مانگ و بۆ بڕوانامەی دکتۆرا 3 مانگ خزمەتکردن دەبێت.
 
ئەو خزمەتە لە یەکەم رۆژی مانگی یەکەمی ساڵی زایینی دەستپێدەکات بۆ ئەو کەسانەی کە تەمەنی 19 ساڵیان تەواو کردبێت، دەکرێت بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران داوای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لەو کەسانە بکرێت کە 18 ساڵانیان تەواو کردووە، لەباری بەرپابوونی جەنگ یان باری لەناکاو.
 
پێشنیازەیاساکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەموو هەرێم و پارێزگایەک لیژنەی پشکنین پێکدەهێندرێت بۆ پشکنینی ئەو کەسانەی خزمەتی سەربازیی دەکەن، ئەو کەسانەی کە مەرجی تەندروستی و تەواوی جەستەییان نییە لەلایەن لیژنەکەوە لە خزمەتی سەربازیی دەبووردرێن، ئەگەر کەسەکەش تاقانەی خێزانەکەی بێت ئەو خزمەتە نایگرێتەوە.
 
لە نێو ئەو کەسانەی دیکە کە خزمەتەکە نایانگرێتەوە، ئەوانەن کە وەک خۆبەخش لە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکە بە کردەیی ئەو ماوەیە کاریان کردووە کە لە پێشنیازەیاساکەدا دیاریکراوە بۆ خزمەتی سەربازی، هەروەها ئەو کەسانەی کە لەسەر خەرجیی وەزارەتەکان یان وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە قۆناغی خوێندندان لە پەیمانگە و کۆلێژەکان، یان ئەو کەسەی کە لەبەرانبەر بەجێهێنانی خزمەتی سەربازیی پارە بدات.
 
یەکێک لە بڕگەکانی دیکەی پڕۆژەیاساکە ئەوەیە کە رێگە نادرێت بەو عێراقییانەی 19 ساڵیان تەواو کردووە و نەگەیشتوونەتە 45 ساڵ عێراق بەجێبهێڵن، هەتاوەکو خزمەتی سەربازییان تەواو نەکردبێت یان لەو خزمەتە نەبوورابن.
 
پێشنیازەیاساکە سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە کە خزمەتی سەربازیی دەیانگرێتەوە و ناچنە بەردەم لیژنەی پشکنین، کە لە 250 هەزار دەستپێدەکات تاوەکو 1 ملیۆن دینار. ئەگەر کەسەکە لە ماوەی 10 رۆژ بۆ ناو عێراق و 30 رۆژ ئەگەر لە دەرەوەی عێراق بێت و نەچێتە بەردەم لیژنەکە، سزاکەی بەندکردنە کە لە ساڵێک زیاتر دەبێت.
 
ئەگەر کەسەکەش تەمەنی 45 ساڵی تێپەڕاندبێت و پەیوەندیی بە خزمەتی سەربازییەوە نەکردبێت، سزاکەی زیاتر لە 3 ساڵ بەندکردن و پێبژاردنێک دەبێت کە لەنێوان 500 هەزار بۆ 2 ملیۆن دینار دەبێت.