ئەندامێکی دەستەی سادیقوون: وەزارەتێک و جێگری سەرۆکوەزیران وەردەگرین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون، کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە، رایگەیاند وەزارەتێک لە حکومەتی نوێ وەردەگرن و یەکێک لە جێگرانی سەرۆکوەزیرانیشیان پێدەدرێت و بەربژێریان ئامادەیە.
ئەحمەد عەدنان، ئەندامی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی سادیقوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لەو چوار وەزارەتەی کە بەربژێرەکانیان نەبراونەتە پەرلەمان یەکێکیان بەر ئەوان دەکەوێت کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەربژێرەکەی یەکلا نەبووەتەوە.
14ی ئایار دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەی نوێی حکومەت درا، بەربژێری نۆ وەزارەت ماون کە دەنگیان لەسەر بدرێت و یەکێکیان وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە.
ئەحمەد عەدنان رایگەیاند، پۆستی یەکێک لە جێگرانی سەرۆکوەزیران بۆ بزووتنەوەی سادیقوون دەبێت و لەیس خەزعەلی بەربژێریانە بۆ ئەو پۆستە و لە دوای دەنگدان بە تەواوی وەزیرانی کابینەکە ئەو پۆستە دیاری دەکرێت.
لەیس خەزعەلی، برای قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە ئەو بزووتنەوەیە یەکێکە لە گرووپە شیعەکانى وابەستەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران.
بزووتنەوەی سادیقوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 28 کورسیی بەدەستهێنا و پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان وەرگرت.