وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بە حەوت بەربەست سنوورەکانمان دەپارێزین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی پلانی ئەمنیی جەژنی قوربان، ئاماری پێنج مانگی رابردووی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و نوێترین رێکاری پاراستنی سنوورەکان بڵاوکردەوە. بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتەکە دەڵێت، سنوورەکان بە حەوت ئاست دەپارێزن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند، سنوورەکانی عێراق لە رێگەی حەوت بەربەستەوە پارێزراون، لەوانە "بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کامێرای گەرمیبین و لێدانی خەندەق بۆ رێگری لە هەر دزەکردنێک".
سەبارەت بە مادەی هۆشبەر، لیوا میقداد میری ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، هێزەکانیان "سەرکەوتنی گەورە"یان بەدەستهێناوە و دەستیان بەسەر "بڕێکی زۆر" لە مادەی هۆشبەردا گرتووە.
میقداد میری گوتی: "لە پێنج مانگی رابردوودا توانراوە دەست بەسەر نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار تۆن لە مادەی هۆشبەردا بگیرێت. هەروەها 12 ئۆپەراسیۆنی ئەمنیمان لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق کردووە، بەتایبەتی لە وڵاتانی سووریا و سعودیە، کە تێیدا بە هاوکاریی لایەنی سووری توانراوە ژمارەیەک بازرگانی مەترسیدار دەستگیربکرێن." باسی لەوەش کرد کە عێراق چوار خاڵی پەیوەندیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا دروستکردووە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەسەر قاچاخچییەکان.
پلانی جەژن؛ رێگری لە گێچەڵ و تەقەی خۆشی
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە پلانی ئەمنیی جەژن کرد و رایگەیاند، مەفرەزەی تایبەت لە ناو بازاڕ و پارکەکاندا دەبن بۆ رێگری لە دیاردەی "گێچەڵکردن و تەقەی خۆشی." هۆشداریشی دا کە هەر کەسێک تەقەی خۆشی بکات یان یارییە ئاگرینە قەدەخەکراوەکان بەکاربهێنێت، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.