حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان بکاتە هەمیشەیی
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دامەزراندنی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی ئەواندا نییە. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، لە داهاتوودا لەو بودجەیەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، گرێبەستەکان دەکرێنە هەمیشەیی.
نووسراوەکەی حکومەتی عێراق بە ناونیشانی "نهێنی" لە وەڵامی (بەرزی ئەزمڕ ساڵح) ئەندامی پەرلەمانی عێراق نێردراوە و واژۆی د. حەمید نەعیم، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لەسەرە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "ئاماژە بە نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە 19-04-2026، بڕیاری جێگیرکردنی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕینیان بۆ سەر میلاکی هەمیشەیی، ناچێتە چوارچێوەی پسپۆڕیی حکومەتی فیدراڵییەوە."
محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەو نووسراوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە و هەموو هەوڵێک بۆ بە هەمیشەییبوونمان دەدەین."
هەروەها د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راستە و لە پسپۆڕی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نییە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان، چونکە ئێمە کاتێک کردوومانن بە گرێبەست لەسەر داهاتی نێوخۆ بووە و بڕیارمانداوە هەر خۆمان بیانکەینە هەمیشەیی."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیشی، "ئێمە دەبێت لەو بودجەیەی لە داهاتوو عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت جێگەی گرێبەستەکان بکەینەوە و بیانکەین بە هەمیشەیی."
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 هەزار مووچەخۆری گرێبەست هەن، زۆرینەیان مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵان.