حکومەتی عێراق: سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کراونەتە سەر سعودیە و ئیمارات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر سعودیە و ئیمارات دەکات و رایگەیاندووە، رێکاری تووندیان گرتووەتەبەر بۆ رێگری لە هەر هەوڵێک کە بیەوێت سەروەریی عێراق پێشێل بکات یان خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێیەکانی بەکاربهێنێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، "عێراق جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕ و مێژوویی خۆی دەکاتەوە بۆ پاراستنی پەیوەندییە نایاب و بەردەوامەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست لە ناوچەکەدا، هەروەها پەرۆشی خۆی بۆ ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی و پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان دووپات دەکاتەوە."
 
گوتەبێژی حکومەت رایگەیاندووە، عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە لەڕێگەی درۆنەوە کراونەتە سەر سعودیە و ئیمارات. دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە هەوڵە هاوبەشەکان "بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی سەروەریی وڵاتان."
 
باسم عەوادی لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پشتیوانیی تەواوی حکومەتی عێراقی بۆ هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپاتکردەوە و باس لەوە دەکات، "حکومەت پەرۆشی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی پەیوەندییە برایانەکان و هاوبەشییە بەرهەمدارەکان لەگەڵ ئیمارات دووپاتدەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە نهێنی هاوکارییە بونیاتنەرەکان کە لە بەرژەوەندیی کاری عەرەبی هاوبەشدایە."
 
گوتەبێژی حکومەت دەڵێت، "هەرچەندە لایەنە سەربازییە تایبەتمەندەکانی عێراق هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ ئەم مەبەستە تۆمار نەکردووە، بەڵام دامەزراوەکانی عێراق ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ هاوکاری و لێکۆڵینەوە لە هەر زانیارییەک کە پەیوەندی بە وردەکاریی هێرشەکەوە هەبێت."
 
دەشڵێت، "هێزە ئەمنییەکان هەموو هەنگاوێکی پێویستیان ناوە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە، هیچ کەمتەرخەمییەکیش لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا ناکرێت کە دەیانەوێت سەروەریی دەوڵەت بشکێنن یان زیان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی دراوسێ بگەیێنن."
 
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند کە توانیویانە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تێکبشکێنن کە بە گوتەی وەزارەتەکە، درۆنەکان لە عێراقەوە ئاراستە کرابوون.