عێراق پشووی رۆژانی جەژنی قوربانی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق پشووی رۆژانی جەژنی قوربانی راگەیاند، کە لە رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات. 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە (19ی ئایاری 2026)ی خۆیدا بڕیاری دا پشووی جەژنی قوربان لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت، لە رۆژی سێشەممە 26ی ئایارەوە دەستپێدەکات تاوەکو رۆژی شەممە 30ی ئایار. دەوامی فەرمی لە رۆژی یەکشەممە 31ی ئایار دەستپێدەکاتەوە.

پشووەکە لە هەرێمی کوردستانیش بەو جۆرەیە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، دادگەی باڵای سعودیە رایگەیاند، دوای ئاوابوونی خۆری رۆژی یەکشەممە 29ی مانگی زولقەعدە، لیژنە شەرعی و زانستییەکان لە چەندین ناوچەی جیاوازی شانشینەکە توانیویانە بە چاو مانگی نوێ ببینن و بینینەکە بە شێوەیەکی شەرعی و راست جێگیر بووە.
 
بەم پێیە، دادگەی باڵای سعودیە بڕیاری دا رۆژی دووشەممە، یەکەم رۆژی مانگی زولحیجە بێت. لەسەر بنەمای ئەم بڕیارەش، رۆژی سێشەممە دەبێتە رۆژی وەستان لە (عەرەفە) کە گەورەترین روکن و پایەی فەریزەی حەجە، هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ی ئایاری 2026) یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەبێت.

دوێنێ نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، 27ـی ئایار یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەبێت. بەگوێرەی رۆژژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە 27 بۆ 30ـی ئەم مانگە پشووی فەرمی دەبێت.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا رۆژی پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026 لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە پشووی فەرمی دەبێت.

غەدیر بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێ و دەڵێن لە رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ـی کۆچی، محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا پەیامبەری ئیسلام (د.خ) بە فەرمانی خودا عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە، ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی غەدیرخەم کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە، بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و شیکردنەوەیە نین. بۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکی ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعەکان.