بە مووشەک هێرشکرایە سەر کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە بەسرە

رووداو - بەسرە 

بە مووشەک هێرشکرایە سەر کۆمپانیای نەوتی ئێکسۆن مۆبیل لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق، سەرچاوەیەکیش لە کۆمپانیاکەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 20 کارمەندی بیانیی کۆمپانیاکە دەکشێننەوە.

بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، لەدوای هێرشەکەی ئەمڕۆ بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند "هێرشەکە، بنکەی ئیداریی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی لە ناوچەی بەرجسییە لە بەسرە کردووەتە ئامانج، مووشەکەکەش لە دووری 500 مەتر لە ئیدارەی کۆمپانیاکە کەوتووە".

بەگوتەی سەرچاوەکە؛ هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی بۆ کارمەندە بیانییەکانی کۆمپانیاکە نەبووە، بەڵام کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بڕیاریداوە ئێوارەی ئەمڕۆ 20 کارمەندی بکشێنێتەوە. 

بەپێی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە "مووشەکێک لەجۆری کاتۆشا لە کۆمپانیای هەڵکۆڵینی بیری نەوت (ئێکسۆن مۆبیل) لە ناوچەی بەرجسییە کەوتووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان سێ کەس بەهۆیەوە بریندار بوون".

تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیاریێتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.

کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی مانگی رابردووش بەهۆی هەڕەشەی ئەمنی، ژمارەیەک لە کارمەندانی لە کێڵگەی نەوتی گەرنە لە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق گواستەوە بۆ دوبەی.

هێرشەکە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو بە مووشەک هێرشکرایە سەر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و کۆشکی سەرۆکایەتی لە شاری موسڵ کە راهێنەرانی ئەمریکی لەو شوێنەدا هەن، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، هەروەها شەوی 17-6-2019 سێ مووشەک ئاراستەی سەربازگەی تاجی کران لە باکووری بەغدا، کە بەهەمان شێوە هێزی ئەمریکی لەو سەربازگەیەدا هەن.