بەرپرسێکی پارێزگای نەینەوا بە پێنج ساڵ بەندکردن سزادرا


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی دووشەممە دادگەی تاوانەکانی نەینەوا، بڕیاری پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری پلاندانان دەرکرد. 
 
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی پارێزگای نەینەوا رۆژی دووشەممە 19-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە دادگەی تاوانەکانی یەکی نەینەوا، بەتاوانی وەرگرتنی بەرتیل سزای پێنج ساڵ بەندکردن و پێنج ملیۆن پێبژاردنی بۆ رەعد عەباسی، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری پلاندانان دەرکرد." 
 
رۆژی 7ی ئەم مانگە رەعد عەباسی لە ماڵەکەی لە شاری موسڵ دەستگیرکرا.
 
بەپێی زانیارییەکان د. رەعد عەباسی سەر بە هاوپەیمانیی تەقدووم بووە بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. هاوژینی بەسمە بەیسم، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە. لە پەیجەکەی خۆی وەک گوتەبێژی پارێزگای نەینەوا خۆی ناساندووە. 
 
پارێزگاری نەینەوا پێنج یاریدەدەری هەیە، کارگێڕیی، پلاندانان، خزمەتگوزاریی، ئاوەدانکردنەوە و رێکخراو و ئاوارەکان. 
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی دووشەممە 19-05-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دادگەی تاوانەکانی نەینەوا بڕیاری 5 ساڵ زیندانی و پێبژاردنی دارایی بە بڕی 5 ملیۆن دیناری بۆ یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری پلاندانان دەرکرد." 
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت: "سزاکە پاڵپشتە بە مادەی 308 لە یاسای سزادانی عێراق، بە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل لە کۆمپانیایەک لە بەرامبەر ئەوەی بەڵێنی پێداون پرۆژە و بەڵێندرایەتیی ئاوەدانکردنەوەی نەینەوایان پێبدات."