6 ئەندامی سەرەکی و 3 ئەندامی یەدەگی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کرد

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق بە رووداوی گوت، لە 9 ئەندامی سەرەکیی دادگەکە 6ـیان دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کردووە.
 
هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، لەگەڵ ئەندامێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق قسەی کردووە و دەڵێت: "6 ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگ بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کردووە".
 
بە گوتەی ئەندامەکەی دادگەی فیدراڵی کە خۆی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کردووە، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکە هەڵوێستێکە "دژی سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق و شێوازی بەڕێوەبردنی دادگە و هەڵسوکەوتەکانی".
 
ئەو ئەندامەی دادگەی فیدراڵی بە رووداوی گوت: "هەڵسوکەوتی سەرۆکی دادگە لای ئێمە جێگەی قبووڵ نییە و ماندووبووین لە مامەڵەکردن لەگەڵ شێوازی کارکردنەکەی".
 
لەبارەی چارەنووسی دادگەی فیدراڵی کە زۆرینەی ئەندامە سەرەکییەکانی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کردووە، ئەو دادوەرە گوتی: "قورسە دادگەکە هەڵبوەشێتەوە؛ دەکرێت کەسی دیکە بخرێتە شوێنمان".
 
بڕیاربوو ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی فەرمانسالارییەکەی دادگەکە تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێ، بەڵام ئەو هەنگاوەی ئەندامانی دادگەی فیدراڵی، بابەتەکە دوادەخات.
 
هەر ئەمڕۆ سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "پاساوی دادوەرەکان هەبوونی کێشەیە لەگەڵ سەرۆکی دادگە، بەڵام هۆکارە راستەقینەکەی تاوەکو ئێستا نادیارە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لەو 6 ئەندامە سەرەکییەی کە نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کردووە، یەکێکیان کوردە بە ناوی حاکم دیار.
 
دادگەی فیدراڵی لە 9 ئەندامی سەرەکی و ژمارەیەک یەدەگ پێکدێت. دادوەرەکانی دادگەکە لەلایەن حیزبە دیارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراون.