سوودانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رێکدەخەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، کاردەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق رێکبخەنەوە، بە شێوەیەک گونجاو بێت لەگەڵ قۆناخی دوای جەنگی دژی داعش. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە، 19-07-2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران لەگەڵ سیباستیان لوکۆغنیو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا و شاندی یاوەری کۆبووەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دەرفەتی پەرەپێدانیان کرا لە ئاستی ئاسایش و چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ راوێژ و مەشق و راهێنان و بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەگەڵ هاوئاهەنگیی بەردەوامی دووقۆڵیی لە مەشق و هاوئاهەنگی لە بواری پڕچەککردن و ئاڵوگۆڕی زانیارییدا. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی.
 
وەزیری بەرگریی فەرەنسا رۆژی سێشەممە، 18-07-2023، بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کۆبووەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی فەرەنسای کرد لە پشتیوانیکردنی هێزە عێراقییەکان و ئاماژەی بە رێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژیی کرد کە لەکاتی سەردانەکەی دا بۆ فەرەنسا لە مانگی یەکی ئەمساڵ واژۆکرا، کە نەخشەیەکە بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا لە بوارەکانی ئابووری، ئاسایش، وزە، رۆشنبیری، پەروەردە و بواری دیکەدا.
 
سوودانی جەختیکردەوە، حکومەتەکەی کاردەکات پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق رێکبخاتەوە، بەشێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ قۆناخی دوای جەنگی دژی چەکدارانی داعش، چونکە لەم قۆناخەدا گەشەیەکی بەرچاو دەبینرێت لە تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە هەموو بەشە سەربازییە جیاوازەکاندا.
 
سوودانی باسی لە بایەخدانی حکومەت کرد بە مەشق و راهێنان و چەک و ئارەزووی هاوکاریکردن لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسییەکان، بەتایبەتی لە بواری هێزی ئاسمانی و سیستمی بەرگری و پیشەسازیی سەربازیدا. هاوکات جەختیکردەوە، هاوئاهەنگییان لەگەڵ فەرەنسادا تەنیا لە رووی ئەمنییەوە نییە، بەڵکو بۆ چەندین بواری دیکە دەگرێتەوە.
 
وەزیری بەرگریی فەرەنسا، سڵاوی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای گەیاندە سوودانی و دووپاتیکردەوە کە حکومەتی فەرەنسا ئامادەیە هاوکاریی عێراق بکات لە بوارەکانی مەشق و راهێنان و پڕچەککردن پەرەپێدانی تواناکانی دا. گوتیشی، ئامادەن هەموو پێداویستییەکانی عێراق دابین بکەن و پەرە بە هاوبەشیی راستەقینە بدەن.
 
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-7-2023، سیباستیان لوکۆغنیو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا بە سەردانێک بگاتە هەولێر و بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆببێتەوە. 
 
وەزیری بەرگریی فەرەنسا رۆژی سێشەممە لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، پرسەکانی تایبەت بە ناوچەکە و سەروەریی عێراق تاوتوێ دەکەن.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چاوەڕوان دەکرێت فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی فەرەنسا باس لە شەڕی داعش بکەن، ئەوەش بەهۆی ئەو رۆڵەی هێزەکانی پێشمەرگە و حکومەتی فەرەنسا لەو شەڕەدا گێڕاویانە و دەیگێڕن.
 
فەرەنسا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و لە 2014ـەوە یەکێک بووە لە یارمەتیدەرە سەرەکییەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی گرووپە پەڕگیرەکە؛ بەڵام پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان پاریس و هەولێر مێژوویەکی کۆنتریان هەیە.