خێزانێکی حەوت کەسی لە کەربەلا ژەهراوی بوون و دووانیان گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی کەربەلا دەڵێ، بەهۆی دزەکردنی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە 7 کەس لە ئەندامانی خێزانێک ژەهراوی بوون و دووانیان گیانیان لەدەستدا.
سەلیم کازم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فەرمانگەی تەندروستیی کەربەلا، ئەمڕۆ شەممە (19ـی تەممووزی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە لە حوسێنییەکی ناوچەی عەگد بلەیبل روویداوە و حەوت کەس هەژاری بوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە پارێزگای کەربەلا گوتی: "دوو لە هاووڵاتییەکان گیانیان لەدەستداوە، سێی دیکەیان لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و باری تەندروستییان جێگیرە. دوو کەسەکەی دیکە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لەسەر داواکاری خۆیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە."
سەلیم کازم گوتی، هاووڵاتییەکان خەڵکی کەربەلا نین و دەگوترێ خەڵکی بەغدا یان دیالەن.
بۆ دڵنیابوون لە هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە، پۆلیس و بەرگری شارستانی لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی داد دەکەن.