پەرلەمانی عێراق تاوتوێی هێرشەکانی سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات و تاوتوێی هێرشەکانی سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.
کەریم شوکر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ 19ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەماندا گفتوگۆ لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێ.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی، لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی سەرۆک فراکسیۆنەکان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، فراکسیۆنە کوردستانییەکان باسی ئەو هێرشانەیان کرد و جەختیان لەسەر ئەوەی کردەوە کە پێویستە پەرلەمان هەڵوەستەیان لەسەر بکات و هەڵوێستی جیدی هەبێت.
بەگوێرەی بەرنامەی کار، کۆبوونەوە نائاساییەکەی پەرلەمان کاژێر یەکی دوانیوەڕی رۆژی دووشەممە 21ی تەمموزی 2025 دەستێپدەکات کە دوو بڕگە لەخۆدەگرێ:
یەکەم: تاوتوێکردنی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت.
دووەم: تاوتوێکردنی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.
هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زۆربەی ئەندامانیان ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرن.
درەنگانی شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردووش ئاگر لە هایپەرمارکێتێکی شاری کوتی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە، بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا.