توێژینەوەیەکی بڵاوکراوە لەبارەی هەوا و ژینگەی بەسرە؛ 'ژەهراوییە'
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی هاوبەشی وەزارەتەکانی تەندروستی، ژینگە و نەوتی عێراق لەبارەی دۆخی هەوا و ژینگەی پارێزگای بەسرە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە کە دەریدەخات هەوای بەسرە بە چەندین گازی ژەهراوی کوشندە پیسبووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، گوشاریان خستووەتە سەر حکومەتی فیدراڵی و چارەسەری خێرایان دەوێ.
لە پارێزگای بەسرە 11 کێڵگەی نەوتی هەن کە بریتین لە کێڵگەکانی (رمێلەی باکوور، رمێلەی باشوور، رۆژئاوای قەرنە1، رۆژئاوای قەرنە2، مەجنوون، زوبێر، فەیحا، نەهر بن عومەر، لەحیس، ئەرتاوی و تووبە).
توێژینەوەکە سەرنجی خستووەتە سەر ئەو ناوچانەی زۆرترین کێڵگەی نەوتیان تێدایە و لە وردەکاری ئەو گازانەی کۆڵیوەتەوە کە لە ئەنجامی کاری بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەکانەوە دەردەدرێنە بەرگەهەوا. ئەو کێڵگانەش بریتین لە "کێڵگەکانی نەوتیی رۆژئاوای قەرنە، کێڵگەی نەوتیی رمێلەی باکوور و کێڵگەی نەوتیی زوبێر" کە گەورەترین کێڵگەکانی نەوتی بەسرەن.
6 گازی کوشندە
بەگوێرەی توێژینەوەکە، دیارترین ئەو گازانەی لەو کێڵگانەوە دەردەچن بریتین لە یەکەم و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی گۆگرد، دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین، ئۆزۆن و کبیریتیدی هایدرۆجین.
پشکنین بۆ کارمەندانی کێڵگەی زوبێر کراوە و لە کۆی 6 هەزار و 757 کارمەند، 18ـیان تووشبووی شێرپەنجە بوون.
لە دوایین ئاماری ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، لە پارێزگای بەسرەدا سێ هەزار و 495 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون.
لە توێژینەوە هاوبەشەکەدا هاتووە، لە بەسرە تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان و میزەڵدان زۆرترینە، ئەوەش بەهۆی پیسبوونی هەواوەیە.
'گازە ژەهراوییەکان، ئاوی بەسرەیان پیس کردووە'
جەعفەر حەجاج، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەی پیسبوونی هەوا ساڵانێکە بەرۆکی بەسرەی گرتووە. کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکەدا لە دیارترین هۆکارەکانن."
کێشەیەکی دیکەی بەسرە پیسبوونی ئاوە. جەعفەر حەجاج گوتی: "سەرچاوەی ئاوی بەسرە لە وێستگەیەکی حکومی و زیاتر لە 200 وێستگەی تایبەتەوەیە. ئەو وێستگانە کراوەن و لەسەر زەوین، بۆیە هەر ئەو گاز و مادە دەردراوانە ئاوەکەشیان پیس کردووە، بە جۆرێک ئێستا ئاوی ئەم پارێزگایە بە کەڵکی ئاژەڵەکانیش نایەت بیخۆنەوە و زۆربەی هاووڵاتییان رۆژانە و هەفتانە ئاو دەکڕن."
سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی دووی ئەم مانگە سەردانی بەسرەی کرد کە بەگوێرەی نووسینگەکەی، سەردانەکە بۆ بەدواداچوون بوو بۆ ئاوی خواردنەوەی پارێزگاکە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو پڕۆژانەی حکومەت دایناوە بۆ چارەسەری کێشەی ئاو، تەواوبوونیان سەروو سێ ساڵ دەخایەنێت، بەڵام بەسرە پێویستی بە چارەسەری خێرایە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە"؛ دووپاتیشی کردەوە کە پارێزگاکەیان چیدیکە "بەرگەی ئەو هەموو کارەساتە ناگرێت."
"گازەکان هێندە چڕن، دادەبارن"
مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەسرە بە رووداوی گوت: "کاتێک لە شوێنێکی بەرزەوە تەماشای بەسرە دەکەی، دەبینی ئەو دووکەڵ و گازەی کە لە کێڵگە و پاڵاوگە نەوتییەکانەوە دەردەچن، وەک پەردەیەکی رەش ئاسمانی شارەکەیان داپۆشیوە."
تەمیمی گوتی: "زۆرترین گرفتی پیسبوونی هەوا بەرۆکی دانیشتووانی باکووری پارێزگاکەی گرتووە، تەم و دووکەڵەکە لە ئاسمانی باکووردا هێندە چڕە، دادەبارێت، تەنانەت دیواری ماڵەکان پەڵە پەڵەی رەشیان گرتووە. ئەمە جگە لەوەی بۆنی ئەو دووکەڵە سەرجەم دانیشتووانی بێزار و هەراسان کردووە."
"داوای کۆبوونەوەی نائاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین"
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکان و رەواندنەوەی مەترسییەکان، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە رایگەیاند: "هاووڵاتییان بێزارن و لە مەترسییەکان ئاگادارن؛ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیارمانداوە گوشاری زیاتر بخەینە سەر حکومەت و داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، تایبەت بە کێشەی پیسبوونی ئاو و هەوای بەسرە."
پارێزگای بەسرە ناوەندەکەی شاری بەسرەیە. ئەو پارێزگایە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی عێراقە و 73٪ـی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە بەسرە بەرهەمدێت.
بەگوێرەی دوایین سەرژمێری گشتی، دانیشتووانی پارێزگای بەسرە ژمارەیان زیاترە لە سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس.