وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: لەم مانگەدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

    
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای پەسندکردنی رەشنووسی رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، وادەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان مژارێکی سەرەکییە. گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لەم مانگەدا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە. سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەت ئەو وادەیە پشتڕاست دەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووز، د. عەبدولساحب بزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنی باش هەیە و پەیوەندییەکان بەرەو پێشچوون، ئەوانیش رەزامەندییان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت داوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "چیدی ناتوانرێت لەوە زیاتر هەناردەی نەوت رابگیرێت و بابەتەکە پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە هەر لەم مانگەدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە."
 
هاوکات، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، هاوڕابوو لەسەر ئەوەی کە هەر لەم مانگەدا نەوت هەناردە بکرێتەوە و بە رووداوی راگەیاند، "لە رێگەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە، گەرەنتی ئەوەمان لە وەزارەتی نەوتی عێراق وەرگرتووە کە دەستکاری نێوەڕۆکی گرێبەستەکانمان نەکرێت."
 
لە ئێوارەی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە هێرشکراوەتە سەر 5 کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، کە کێڵگەکانی خورمەڵە، تاوکێ، سەرسنک، باعەدرێ و پیشابوور بوون. کە بە گوتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
 
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، "هێرشە درۆنییەکان هۆکارن بۆ خاوکردنەوەی پڕۆسەی ئامادەکاری کردن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و کۆمپانیاکان خەریکی خەمڵاندنی زیانەکانن، بەڵام بە ئەگەری زۆر هەر لەم مانگەدا هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە."
 
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "ئێمە هەناردەکردن دەستپێدەکەینەوە بە خەرجی 16 دۆلار، دواتر دەست بە گفتوگۆ دەکەین بۆ گەیشتنە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی، ئەوەش لە رێگەی ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەی دەستنیشان کراوە، بۆ یەکلایی کردنەوەی بابەتی خەرجی بەرهەمهێنان."
 
ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەی دەستنیشان کراوە، ناوی وود مەکەنزییە و بارەگا سەرەکییەکەی لە وڵاتی بەریتانیایە.
 
رۆژی 17ى تەممووز، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و تێیدا رەشنووسی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پەسند کرد.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست دەکات بە رادەستکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگە نەوتییەکانیدا، بە کۆمپانیای بەبازاڕی کرنی نەوت (سومۆ) بۆ هەناردەکردنی. هەروەها وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بەپێی یاسای هەموارکردنی یاسای بودجە، هەڵدەستێت بە پێدانی پێشینەیەک بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی وەرگیراو، بەو مەرجەی بڕی وەرگیراو لە 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمتر نەبێت.
 
ئەم هەوڵانە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە، ئەوەش لەسەر سکاڵای بەغدا.