موقتەدا سەدر نمایشی چەکداریی سەرایا سەلام قەدەخەدەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی سەدر، نمایشی چەکداری لە سەرایا سەلامی باڵی چەکداری رەوتەکەی قەدەخە دەکات.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی شەممە، 19-08-2023 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە هەموو شێوەیەک نمایشی سەربازی قەدەخەیە...تەنیا دوای ئاگادارکردنەوەمان نەبێت".
رێبەری رەوتی سەدر داوادەکات سزای یاسایی هەر کەسێک بدرێت کە سەرپێچی ئەو بڕیارەی دەکات و داواش لە تەحسین حەمیداوی، بەرپرسی گشتی هێزەکانی سەریا سەلام دەکات گشتاندن بە نووسراوەکەی بکات و بە زووترین کات رێکار بگرنەبەر.
سەرایا سەلام، گروپێکی چەکداری شیعە مەزهەبی سەر بە رەوتی سەدرە؛ لە نێو حەشدی شەعبیدا لیواکانی (313،314 و 315)ی هەیە.
بارەگای سەرەکی هێزەکە لە نەجەف و بەغدایە؛ هێزەکانی لە پارێزگای سەلاحەدین لە ناوچەکانی سامەڕا، ئامرلی، ئیسحاقی، تکریت، جەزیرەی سامەڕا، بەلەد ، دجێل بڵاوبوونەتەوە.
ئەو هێزە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی بابل و دیالەش جێگیرن.