چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە؛ باسی مووچە و نەوتیان نەکرد
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و باس لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دۆسیەی ئاو کرا، پرسی مووچە و نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێک نەبوو لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن کراوە.
لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختیان لەسەر بەردەوامبوون لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و کردنی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەپێی وادە دەستوورییەکان کردووەتەوە.
کۆبوونەوەکە درەنگی شەوی رابردوو لە نووسینگەی شێخ هومام حەموودی و بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچووە.
نووسینگەکە رایگەیاند: ""هەموو ئەو ئامادەکارییانە بەرز دەنرخێنین کە لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە گیراونەتەبەر، بەشێوەیەک کە متمانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن زیاتر بکات و دەستپاکی و شەفافیەت مسۆگەر بکات."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاودێریی پێشهاتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئاو دەکات، لەگەڵ پشتگیریکردنی پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنە ستراتیژییەکان و لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکان، هەروەها بەردەوامبوون لە دروستکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وێستگە گەورەکانی شیرینکردنی ئاو."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی سوپاسی سیاسەتی حکومەت دەکات، لە کرانەوە بەڕووی گەورە کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری وزە و واژۆکردنی رێککەوتنی گرنگ بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی هەناردەکردنی وزە.
لەکۆبوونەوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە دۆسیەی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان نەکراوە، لەکاتێکدا دوێنێ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، کە لە کۆبوونەوەی چوارچێوەدا ئەو بابەتە باس بکرێت.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی 6 و 7یان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا ئەو دوو مووچەیە لە عێراق دابەشکراوە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەگەر ئەوە هەیە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی مووچە و نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت.