زانیاریی رووداو: گەرەنتییەک بۆ شایستەی دارایی کۆمپانیاکان رادەستکردنی نەوتی راگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
گەرەنتیی نووسراو بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی شایستەی دارایی کۆمپانیاکان، بەربەستى سەرەکی بەردەم رادەستکردنی نەوتە، لیژنەیەکى بەغدا وردبینى لە قەرزە کەڵەکەبووەکان دەکات، لەکاتێکدا وەزارەتی نەوت پشکنینی وێستگەکانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا تەواو کردووە.
لە 13ی ئابی 2025ـەوە رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی رادەستکردنی نەوت واژۆ کراوە. تائێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە بۆ هەناردەکردنی بڕێک لە نەوتەکە و بەکارهێنانی بەشەکەی دیکەی بۆ سووتەمەنیی ناوخۆ.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆری میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەیەک سەردانی دوایین وێستگەی هەناردەی نەوتی لە پێشخابوور کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئامادەیی ئەو وێستگەیە و گێجەکانی نوێ کراونەتەوە و ئامادەن."
ئەو وێستگەیە یەکێکە لەو سێ وێستگەیەی کە هێڵی 46ـی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
وەزارەتی نەوتی عێراق چاوەڕوانی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ هەناردەکردنەوەی، کە لەسەر بنەمای ئەو بڕەیە کە بەرهەم دەهێنرێت، هەرچەندە بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 17ی تەممووز بڕەکە بە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاریکراوە بۆ هەناردەکردن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بارەی دانوستاندنەکانی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەستی کەوتوون، بەربەستی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت، کۆمپانیاکانن، کە داوای گەرەنتی نووسراو بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان دەکەن، شایستەکەش 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، کۆمپانیاکان ئەو گەرەنتییە نووسراوەیان لە حکومەتی فیدراڵ دەوێت.
یەکێکی دیکە لە بەربەستەکان، قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکانی نەوتە لە هەرێمى کوردستان کە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلارە.
بەرپرسێکی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "بڕیار وایە کە یەکلاییکردنەوەی قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکانی نەوت بخرێتە قۆناخێکی دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، کە لە ماوەی 90 رۆژدا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک لە وەزارەتی نەوت وردبینی لەو بڕە قەرزانە دەکات کە چۆنە و وردەکارییەکەی چییە بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بیداتەوە".
رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە لە 17ی تەممووز کە لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدای پەسند کرد.
بەگوێرەی بڕیارەکە، دەبێت هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات کە لە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمتر نەبێت و ئەگەر زیادبوونێکی دیکەش هەبووە، دەبێت ئەویش رادەست بکات. رۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە.