بەڕێوەبەری بانکی رافیدەین: زانیاریی هەڵە لەسەر بانکەکانمان دراوەتە لایەنە نێودەوڵەتییەکان

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی بانکی رافیدەین، چەند لایەنێک تۆمەتبار دەکات بەوەی "ئەجێندای سیاسییان هەیە" و بانکەکانی عێراق بەئامانج دەگرن و زانیاریی "هەڵە و چەواشەکارانە" دەدەنە لایەنە نێودەوڵەتییەکان.
 
ئەو هەڵوێستەی عەلی فەتلاوی، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی رافیدەین، لە راگەیێندراوێکدا بوو کە درەنگی شەوی رابردوو 19ی ئابی 2025 بڵاوکرایەوە.
 
عەلی فەتلاوی دەڵێت: "ئامانجگرتنێکی رێکخراوی سیستمی بانکیی عێراق لەلایەن خاوەن ئەجێندای سیاسی یان بەرژەوەندیی کەسیی هەلپەرستانەوە هەیە، کە هەوڵ دەدەن لە رێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و پێدانی زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانە بە لایەنە نێودەوڵەتییەکان، وێنەیەکی شێوێندراو لەسەر دامەزراوە نیشتمانییەکانمان بگوازنەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بانکی رافیدەین رایگەیاند: "ئێمە بە هەنگاوی دڵنیاییەوە لە بونیاتنانی سیستمێکی بانکیی هاوچەرخی عێراقی بەردەوامین کە خاوەنی شەفافیەت و متمانە بێت، رێگەش نادەین هیچ ئەجێندایەکی دەرەکی یان بەرژەوەندییەکی تەسک، رێڕەوی چاکسازیی بوەستێنێت."
 
ئەو روونکردنەوەیەی بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکە دوای پێنج رۆژ بوو لە واژۆکردنی گرێبەستێک لەنێوان بانکی رافیدەین و کۆمپانیای K2 Integrityی ئەمریکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
 
عەلی فەتلاوی گوتی: "ئەو گرێبەستە هاوبەشەی بانکی رافیدەین لەگەڵ کۆمپانیای K2 Integrity واژۆی کردووە، بەربەستێکی بەرگریی پیشەیی و یاسایی دەبێت کە رێگە لە هەموو مەرامخوازان دەگرێت، هەروەها بنەمای روون و شەفاف بۆ پابەندبوون و حوکمڕانی دادەنێت، بەشێوەیەک کە گەرەنتیی ئەوە دەکات دەنگی چاکسازی بە جیهان بگات، نەک دەنگەکانی چەواشەکاری و بەسیاسیکردن."
 
بانکی رافیدەین لە ساڵی 1941ـەوە دامەزراوە و یەکێکە لە بانکە حکومەتییەکانى سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق.