دەستەی داواکاریی گشتیی عێراق داوای دۆسیەی تۆمەتبارانی ئەنفال دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی داواکاریی گشتی داوای دۆسیەی تۆمەتبارانی ئەنفال دەکات بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی لەبارەیەوە بگیرێتەبەر. بە گوتەى پەرلەمانتارێکى عێراق دۆسیەکانیان لە یەکێک لە دادگەکانى بەغدایە.
ئەو داواکارییەی دەستەکە لە وەڵامی نووسراوێکی کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە کە لەبارەی تۆمەتبارانی ئەنفال ئاراستەی ئەو دەستەیەی کردووە.
لە نووسراوەکەدا کە 10ی ئابی 2025 دەرکراوە، دەستەی داواکاریی گشتیی عێراق داوای کردووە ژمارەی دۆسیەکانی ئەو پرسەیان بۆ بنێردرێت، لەگەڵ ئەو دادگەیەی کە تێیدا تۆمار کراون، بۆ ئەوەی بتوانن داواى گرتنەبەرى رێکارەکان بەگوێرەى یاسا بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، کاروان یاروەیس بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ناوی ئەو تۆمەتبارانە لە دادگەی باڵای تاوانەکان بووە کە هەڵوەشێنراوەتەوە، دۆسیەکانیان دراوەتە دادگەی لێکۆڵینەوەی یەکی کەرخ لە بەغدا و رێوشوێن بۆ رادەستکردنی ژمارەی دۆسیەکانیان بە دەستەى داواکارى گشتیی عێراق دەگرنەبەر.
37 ساڵ لەمەوبەر هەڵمەتی ئەنفال لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا و تێیدا 182 هەزار هاونیشتمانیی کوردستان بە شێوازی جیاواز زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کران.
کاروان یاوەریس گوتى: "دوو لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال هەیە کە یەکێکیان کوردن و ئەوی دیکەیان سەرانی پێشووی حیزبی بەعسن. کوردەکان ژمارەیان 258 کەسە."