سكاڵا دژی قەرز؛ لە بەغداوە پەڵپ بە پشكی هەرێمی كوردستان دەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەرچوونى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان بەقەرز، تۆمارکردنى سکاڵا لە دادگەى فیدراڵی لە دژى دەستپێکرد، ناردنى پارەکە لەرێگەى سێ بانکەوە بە قەرز رێگرە لە سەرگرتنى تانەکان، یەکێک لە سکاڵاکارەکان دەڵێت: "ئەو هەنگاوەى لەپێناو گەرەنتیکردنى ناردنى پارەیە بۆ مووچەخۆران."
رۆژی 17ى ئەیلوولى 2023، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاردرا بە ناردنى بڕى دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار وەک قەرز بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سێ گوژمەى 700 ملیار دینارى بۆ مانگەکانى ئەیلوول، تشرینى یەکەم و تشرینی دووەم. ئەو بڕە پارەیە لە رێگەى بانکەکانى رافیدەین، رەشید و بازرگانیی عێراق دەنێردرێت.
دواى چەند کاژێرێک لە بڕیارەکە؛ مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس (تویتەری پێشوو) رەخنەى لە بڕیارەکە گرت و نووسى: "دەتاندەمە دادگا".
وەک ئامادەکارى بۆ ئەو هەنگاوە مستەفا سەنەد داوایەکى پێشکێش بە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق کردووە بۆ ئەوەى بڕیارێک دەربکات بۆ راگرتنى رێوشوێنەکانى ناردنى ئەو پارەیە بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان، تاوەکو سکاڵاکەى یەکلادەبێتەوە، کە لە دژى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقە.
رۆژی 25ى کانوونى دووەمى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق شەش بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى بۆ ناردنى یەک تریلیۆن و سێ ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان بە "نادەستووری" زانى، کە لەنێوان ساڵانى 2021 بۆ 2022 دەرکرابوون، یەکێک لە سکاڵاکارەکان مستەفا سەنەد بوو.
ئەو تەنیا سکاڵاکار نییە لەسەر ناردنى پارە بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان کە تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە.
رۆژی 19ى ئەیلوولى 2023 باسم خەشان، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق کە یەکێکى دیکەیە لە سکاڵاکاران بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لە دوو رۆژى داهاتوودا سکاڵایەک پێشکێش دەکەم بە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە دژى ناردنى پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە قەرز."
بە گوتەى باسم خەشان تێبینى لەسەر شێوازى ناردنى پارەکە هەیە نەک لەسەر ناردنى، دەشڵێت: "دەمانەوێت بگەینە شێوازێکى گونجاو و گەرەنتیکراو بۆ ئەوەى مووچە بگاتە دەست مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان وەک پارێزگاکانى دیکەى عێراق، ئەوە لە بەرژەوەندیى خودى مووچەخۆرانە".
پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتى زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، ماوەى سێ مانگە بەغدا و هەولێر لەسەر ناردنى تەواوى پارەکە رێکنەکەوتوون بەهۆى ناکۆکى لەسەر رادەستکردنى داهات و حەقدەستى کۆمپانیاکانى نەوت.
ناردنى ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغداوە بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان وەک رێکارێکى کاتییە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، لەدواى سەردانى شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 14ى ئەیلوول بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
رۆژی 19ى ئەیلوول نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ ئەو سکاڵایانە ئەگەرى سەرگرتنى نییە بەهۆى ئەوەى پرسى ناردنى قەرزەکە لەدەست وەزارەتى دارایی نییە و دراوەتە دەسەڵاتى سێ بانکەکە، کە وەک قەرز دەیدەن و ئەو دەسەڵاتەیان هەیە قەرز بدەن بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنیان.