دادگایەکى عێراق: بەردەوامین لە رێوشوێنەکانی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال
رووداو دیجیتاڵ
دادگای پێداچوونەوەی رەسافەی بەغدا رایگەیاندووە، بەردەوامن لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی تۆمەتبارانی ئەنفالی گەلی کوردستان.
لە روونکردنەوەیەکدا سێ دادوەری دەستەی لێکۆڵینەوە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە رایانگەیاندووە، دەستەکەیان بەردەوامە لە رێوشوێنەکان دژ بەو تۆمەتبارانەی ئەنفال کە هەڵاتوون و فەرمانی دەستگیرکردن لە دژیان دەرکراوە، داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە فەرمانی دەستگیرکردنەکانیان جێبەجێ بکەن و بیانبەنە بەردەم ئەو دادگەیە.
ئەو دادگەیە ئاماژەی بەوە داوە، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی تۆمەتبارانی ئەنفال دراوە.
ئەو روونکردنەوەیە لە وەڵامی نووسراوێکی کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عێراق بووە کە ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کردووە و لە 14ی ئەیلوول بەفەرمی وەڵام دراوەتەوە.
کاروان یاروەیس بە رووداوی راگەیاند: "پێویستە داواکاری گشتی لەمەودوا رێکار بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگەوە دەرکراون و جێبەجێ نەکراون."
لە 10ی ئابی 2025 دەستەی داواکاری گشتیی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوای کردووە ژمارەی دۆسیەکانی تاوانی ئەنفالیان بۆ بنێردرێت، لەگەڵ ئەو دادگەیەی کە تێیدا تۆمارکراون، بۆ ئەوەی بتوانن داوای گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بکەن.
دادگای پێداچوونەوەی رەسافە لە نووسراوەکانیدا ناوی ئەو بەرپرسانەی حیزبی بەعس و جۆری سزاکەی بۆ ناردوون کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیان ئاڕاستە کراوە و بەهۆیەوە سزادراون.
سەدام حوسێن، عەلی حەسەن مەجید کە بە عەلی کیمیایی ناسراوە، سوڵتان هاشم، حوسێن تکریتی، فەرحان جبووری، تاهیر عانی، سابیر دووری ئەو حەوت بەرپرسەن کە لە نووسراوەکاندا ناویان هاتووە. دادگە دەڵێت: "ماف دراوە بە سکاڵاکارانی مافی مەدەنی کە بچنە دادگە مەدەنییەکانیان بۆ داواکردنی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی ئەو تاوانانەوە بەریان کەوتووە."
کاروان یاروەیس گوتی: "ئێستا هەنگاوە گرنگەکە ئەوەیە کە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە دادگە مەدەنییەکان سکاڵا بکەن."
37 ساڵ لەمەوبەر هەڵمەتی ئەنفال لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە لە دژی گەلی کوردستان کرا و تێیدا 182 هەزار هاونیشتمانی کوردستان کۆمەڵکوژکران.