بەرگریى شارستانیی نەینەوا: سێ نەخۆشخانە و 132 قوتابخانە مەرجى سەلامەتییان تێدا نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرگریى شارستانیى نەینەوا داواى داخستنى سێ نەخۆشخانە و 132 قوتابخانەى کەرەڤانەیی سنوورى ئەو پارێزگایە دەکات، کە مەرجى سەلامەتییان تێدان نییە.
 
رۆژی 18ی تشرینى یەکەمى 2023 سەعد جبوورى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەرگریى شارستانیى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سێ نەخۆشخانە و 132 قوتابخانە، کە لە کەرەڤانەدان لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا مەرجى سەلامەتییان تێدا نییە، بەهۆى ئەوەى مادەى سەندویچ پەناڵ لە دروستکردنیاندا بەکارهێندراوە و داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردە و تەندروستیى شارەکە کردووە دایانبخەن."
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەرگریى شارستانیى نەینەوا گوتى، "وەزارەتى پەروەردە وەڵامیان داوینەتەوە، کە بەهۆى دەستپێکردنى خوێندنەوە ناتوانن ئەو قوتابخانە دابخەن، بەڵام رێوشوێنى سەلامەتى لەو قوتابخانانە گیراونەتەبەر."
 
ئەو هۆشدارییەى بەرگریى شارستانیى نەینەوا لەدواى ئەوە هات، کە شەوى 26ی ئەیلوول هۆڵى ئاهەنگگێڕانى هەیسەم لە حەمدانیە ئاگرى گرت و زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
د. مەسنوور مەعرووف، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بەرگریى شارستانى داواى داخستنى سێ نەخۆشخانەیان لێکردووین گوایە مەرجى سەلامەتییان تێدا نییە و ئەو مادانەى تێدا بەکارهێندراوە، کە تواناى سووتانیان زۆرە، بەڵام کەرەڤانە نین، بەڵکو پێکھاتەى دروستکردنەکەى لەو جۆرە مادانەیە."
 
بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیى نەینەوا گوتیشى، "نەخۆشخانەى گشتیى بەرتللە، نەخۆشخانەى بەتول، فێرکاریى کۆمارى، ئەو سێ نەخۆشخانەن کە داواى داخستنیان کراوە."
 
پێشتر لە 2ى تشرینى یەکەمى 2023 نواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى یاسای بەرگریی شارستانیى عێراق، بەکارهێنانى سەندویچ پەناڵ و ئەلیکۆبۆن لە باڵەخانە و پڕۆژە و خانووەکاندا قەدەخە کراوە، بەدواداچوون و پشکنین بۆ باڵەخانە و شوێنە گشتییەکان دەستپێدەکات.