وەزارەتی ناوخۆی عێراق کوژرانی بازرگانێکی "مەترسیدار"ی مادەی هۆشبەری راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە رووبەڕبوونەوەیەکی هێزەکانیان لە شاری بەغدا، بازرگانێکی "مەترسیدار"ی مادە هۆشبەرەکان کوژراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2023، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: "هێزێکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ناوچەی رەسافەی شاری بەغدا لەگەڵ بازرگانێکی مەترسیداری مادەی هۆشبەر کە ناسراوە بە (حنایە) رووبەڕووبووەتەوە و لە ئەنجامدا بازرگانەکە کوژراوە، دوای ئەوەی تەقەی لەو هێزە کردووە کە بۆسەیان بۆ دانابوو."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، چەک و بڕێک مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەر داگیراوە، بەپێی یاسای مادەی هۆشبەر ژمارە 50ی 2017 رێکاری یاسایی گیراوەتەوەبەر.
بەپێی نوێترین ئامار، ئێستا لە عێراق 11 هەزار کەس بەهۆی بازرگانیکردن بە هۆشبەرەوە لە زیندانن.
ئامارەکانی چوار ساڵی رابردووی دەستگیرکراوانی مادەی هۆشبەر لە عێراق بەمشێوەیەن:
ساڵی 2020: زیاتر لە 7,500 بازرگان و بەکاربەر
ساڵی 2021: زیاتر لە 12,800 بازرگان و بەکاربەر
ساڵی 2022: زیاتر لە 16,800 بازرگان و بەکاربەر
ساڵی 2023: تاوەکو مانگی تەممووز، 11,000 بازرگان و بەکاربەر
دیارترین جۆری مادەی هۆشبەر کە لە عێراق بڵاوبوونەتەوە بریتین لە: کریستاڵ، زیاتر لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق (بەسرە و میسان) بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەی هێنانیشی ئێرانە؛ حەشیش، لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق زیاتر بڵاوە و سەرچاوەکەی ئێران و ئەفغانستانە؛ حەبی کاپتاگۆن کە زیاتر لە پارێزگاکانی رۆژئاوای عێراق بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەکەی لوبنان و سووریایە. لە بەغدا، زۆربەی جۆرەکانی هۆشبەر بڵاوبوونەتەوە و بووەتە سەرچاوەیەکیش بۆ پارێزگاکانی دیکە.