لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن بۆ رووداو: هەندێک ئاماژە لە دۆسیەی کوشتنی سەفا مەشهەدانی دەرکەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن دەڵێت، بۆ هاوئاهەنگیکردن بۆ پاراستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەم هەفتەیە دێنە هەرێمی کوردستان. لەبارەی دۆسیەی کوشتنی سەفا مەشهەدانییش ئاماژە بەوە دەکات، هەندێک ئاماژە دەرکەوتوون.
فەریق روکنی یەکەم قەیس مەحمەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەم هەفتەیەدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆدەبنەوە، "بۆ تاوتوێ کردنی چۆنییەتی هاوئاهەنگیکردن بۆ پرسی پاراستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن."
قەیس مەحمەداوی دەڵێت، "پاراستنی بنکە و وێستگەکانی سنووری هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە دەبێت."
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت.
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوە کرد، "ناوچەکانی جێگە بایەخی هاوبەش شێوازی پاراستنەکەی بەو جۆرە دەبێت کە هەرکامیان لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە حکومەتی هەرێم بێت، ئەوا پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەیپارێزن، ئەوانی دیکەش لە ئەستۆی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان دەبێت، بەڵام لە هەموو ئەو ناوچانەش کارەکان بەشێوەی هاوئاهەنگی دەبێت."
لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە سێ بازنە بنکە و وێستگەکانی دەنگدان دەپارێزرێن، لە هەرێمی کوردستان بازنەی یەکەم هێزەکانی پۆلیس، هێزەکانی ئاسایش و بازنەی سێیەمیش بەرگریی شارستانی و هێزەکانی زێرەڤانی دەبێت.
لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش، پۆلیسی نێوخۆیی لە بازنەی یەکەم، فەوجەکانی فریاکەوتنی خێرا لە بازنەی دووەم و پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە بازنەی سێیەم دا دەبن.
قەیس مەحمەداوی باسی لەوەش کرد، "کەلوپەل و کەرەستەکانی هەڵبژاردن، بەتایبەتی فلاش میمۆرییەکەی سەر ئامێرەکانی دەنگدان لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانەوە دەگەیێندرێنە هەرێمی کوردستان دواتریش بەهەمان شێوە دەبرێنەوە بەغدا."
سەفا مەشهەدانی، رۆژی چوارشەممە، لە ناوچەی تارمییەی باکووری بەغدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا؛ دوای رووداوەکە سوودانی لیژنەیەکی پێکهێنا و فەرمانی کرد لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ بابەتەکە بکرێت.
لەوبارەیەوە مەحمەداوی گوتی، "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دوو لیژنە پێکهێنراوە بۆ ئەو مەبەستە؛ یەکێکیان لیژنەی هونەرییە و لێکۆڵینەوە لە کامێرا چاودێرییەکانی ئەو ناوچەیە و تۆڕەکانی پەیوەندی دەکات، لیژنەکەی دیکەش بە مەیدانی کارەکانی دەکات."
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، بەربژێری ژمارە 26 بوو لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات.
گوتیشی، "هەریەکە لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریش بەشدارن لە لێکۆڵینەوەی کەیسەکە." ئاشکراشی دەکات، "لێکۆڵینەوەکان بە وردی بەردەوامن و هەندێک ئاماژە دەرکەوتوون." دڵنیاییشی دا کە، "بەدڵنیاییەوە بکەرەکان ئاشکرا دەکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن."