مەروە عیساوی: ئەگەر سەربکەوم، هاوسەرگیری بۆ 150 گەنجی هاندەری ریال مەدرید دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
مەروە عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی تەفەوق و بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە پارێزگای سەڵاحەدین دەڵێت، ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت، تێچووی هاوسەرگیریی 150 گەنجی هاندەری یانەی ریال مەدرید لە ئەستۆ دەگرێت. هەروەها باسی لە قەیرانەکانی کارەبا، ئاو و هەڵوێستی خۆی لەسەر یاسای باری کەسی کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-10-2025، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، مەروە عیساوی کە خۆی بە هاندەرێکی سەرسەختی ریال مەدرید دەزانێت، بە رووداوی گوت: "بڕیارمداوە هەڵمەتێکم هەبێت بۆ هاوژینیی گەنجانی هاندەری ریال مەدرید بە تایبەتی 150 گەنج، پەنا بەخوا من هەموو وردەکاری و پێداویستییەکانی هاوسەرگیرییان لە ئەستۆ دەگرم، وەک دیارییەک لە منەوە، راستەوخۆ دوای سەرکەوتن."
عیساوی روونیکردەوە ئەمە "دیارییەکی کەسییە" و کاری فەرمیی وەک پەرلەمانتار بۆ هەمووان دەبێت بەبێ جیاوازیی لایەنگریی وەرزشی. گوتیشی "راستە من هاندەری ریال مەدریدم، بەڵام ئەگەر سەربکەوم، بەبێ جیاوازی خزمەت بە هەمووان دەکەم".
سەبارەت بە قەیرانی کارەبای عێراق کە لە کاتی هەڤپەیڤینەکەدا بووە هۆی پچڕانی، مەروە عیساوی گوتی: "بەداخەوە ئەم کێشەیە عێراق بە گشتی پێوەی دەناڵێنێت. بە بڕوای من پێویستی بە چارەسەری ریشەیی هەیە، نەک چارەسەری رووکەش."
هەروەها باسی لە قەیرانی ئاو و کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ کرد و رایگەیاند: "کەمیی ئاو و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، کاریگەریی نەرێنی لەسەر وەرزی کشتوکاڵی داهاتوو دەکات." پێشبینی کرد "وەرزی داهاتوو کەمێک قورس دەبێت بۆ هاووڵاتیان."
لەبارەی هەمواری یاسای باری کەسی، بەربژێرەکەی تەفەوق جەختی لەسەر پاراستنی مافی ژن و منداڵ کردەوە و گوتی: "منداڵ لە ساڵانی سەرەتای تەمەنیدا پێویستە لەژێر چاودێری و لە باوەشی دایکیدا بێت." هەڵوێستی خۆی بەوە روونکردەوە: "ئێمە دەوڵەتێکی تا رادەیەک مەدەنین، بۆیە پێویستمان بە یاسایەکە کە دادپەروەر بێت بۆ هەموو چین و توێژەکان."