رێکخراوی عێراق سەوز: لە بانگەشەدا زیاتر لە 250 هەزار دار زیانیان بەرکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى راپۆرتێکى روانگەى عێراقی سەوز، کە رێکخراوێکی تایبەتە بە ژینگە لە عێراق لە بانگەشەی هەڵبژاردنی بەربژێر و لیستە رکابەرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە 250 هەزار درەخت لە 15 پارێزگای عێراق زیانیان پێگەیێنراوە و بۆرییەکانی ئاودێری تێکدراون، سەرۆکى رێکخراوەکە دەڵێت: "لە هەرێمى کوردستان پابەندبوونى زیاتر بە رێکارەکانى بانگەشە هەیە".
19ی تشرینی یەکەمی 2025، عومەر عەبدولەتیف، سەرۆکی رێکخراوی عێراقی سەوز، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیانەکان لە نێوان بڕینەوەی درەختەکان یان پەل و پۆکردنیان یان داکوتینی پۆستەر بووە بە درەختەکانەوە."
عومەر عەبدولەتیف دەڵێ: "هەندێک لە باخچەى شۆستەى ناوەڕاستى پارێزگەکان بەهۆی ئەو بانگەشانەوە زیانیان پێگەیشتووە، بۆریی ئاودانیان شکێنراوە، دەبێت سزای پێبژاردن زیاتر بکرێت لەسەر ئەو بەربژێرانەی ئەو جۆرە سەرپێچییانە دەکەن."
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و تاوەکو 8ی تشرینی دووەمى 2025 بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی رێکخراوی عێراقی سەوز رایگەیاند: "زۆرترین درەخت کە زیانیان پێگەیشتووە لە بەغدا بووە، بەو پێیەی زۆرترین بەربژێری هەیە، لیستەکانیش رێگەیان پێدراوە بۆ ئەوەی زۆرترین بودجە خەرج بکەن بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە."
روانگەی عێراقی سەوز، رێکخراوێکی مەدەنی تایبەت بە ژینگەیە کە کار بۆ پاراستنی سەوزایی و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات.
رێکخراوەکە رووپێوییەکی کردووە لە 15 پارێزگا تیمی جیاواز زێدەڕۆیی سەرژینگەیان تۆمارکردوون، وەکو رێکخراوەکە دەڵێ : "ئەو زیانانە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە، چونکە تێیدا پابەندی زیاتر هەیە بە رێکارەکانی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بۆ بانگەشە و ژمارەی بەربژێرەکانیشیان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەمترە."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەدەچێت کە تیایدا زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن.