نووسینگەی سیستانی: هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە دەرنەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینیی شیعەکان رۆژی شەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2025، رایگەیاند، هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی 2025 دەرنەکردووە و جەختی کردەوە، نووسینگەکەی هیچ راگەیێندراو و ئاراستەکردنێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم روونکردنەوەیە دوای بڵاوبوونەوەی پەیامێک هات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا درابووە پاڵ نووسینگەی سیستانی و تێیدا هاتبوو، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە بڕیار و قەناعەتی خودی هاووڵاتییان بەجێهێڵدراوە.
پێشتر، مستەفا سەند، پەرلەمانتاری عێراق، بەربژێری پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ئەبشیر یاعێراق پەیامێکی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو، لە نووسینگەی عەلی سیستانییەوە سەبارەت بە هەڵوێست لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پێیگەیشتووە، بەڵام دواتر نووسینگەکە رەتیکردەوە، کە بەیاننامەکە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەوانەوە دەرکرابێت.
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.