پاسەوانی سنووری عێراق بۆ رووداو: دیوار لە سنووری رەبیعەوە بۆ پێشابوور دادەنێین
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت، بە نزیکەی 1000 کامێرا و درۆن چاودێریی سنوورەکان دەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، لە زۆر شوێنی سنووری تورکیادا گەیشتوونەتە خاڵی سفر.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە هاوئاهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە دانانی دیوار لە سنووری رەبیعەوە بۆ پێشابوور و ئامانجمان کۆنترۆڵکردنی هەموو سنووری ناوچەکەیە."
عەمید حەیدەر کەرخی گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 350 کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی لە سنووری سووریا دانراوە و بەردەوامیش دەبین لە دانانی زیاتر."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت، "ناوەندێکی نوێی چاودێریی سنوور لە بەغدا کراوەتەوە کە لەوێوە چاودێری 975 کامێرای گەرمبین و درۆنەکانی چاودێریی سنوورەکان دەکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ هەر 22 لیواکەی سنوور "30 درۆنی چاودێری دابین کراون، هەر درۆنێک دەتوانێت چاودێریی رووبەری 80 کیلۆمەتر بکات."
لەبارەی سنووری عێراق لەگەڵ تورکیا و کاریگەری پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا لەسەر ئەو سنوورە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق باسی لەوە کرد، "بەشی هەرەزۆری سنووری تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پاسەوانی سنوورە و لە زۆر شوێندا گەیشتووینەتە خاڵی سفر."
دەشڵێت، پڕۆژەیان بۆ دروستکردنی 100 بنکەی چاودێری لە سنووری تورکیا هەیە و "بە گشتی ئێستا ئەو سنوورە ئارام و بێ کێشەیە."
سەبارەت بە سنووری ئێرانیش گوتی، "سنوورەکانمان لەگەڵ ئێران کۆنترۆڵکراو و ئارامن و تاوەر و بنکەی چاودێری زۆرمان هەیە."
عێراق لەگەڵ تورکیا 335 کیلۆمەتر، لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر و لەگەڵ ئێران بە رووبەری هەزار و 420 کیلۆمەتر سنووری هەیە.