رێژەى ژن لە سوپاى عێراق 2% تێناپەڕێت، تەنیا دووانیان لیوان

رووداو دیجیتاڵ
 
 رێژەى ژن لە سوپاى عێراق 2% تێناپەڕێت، لە نێو وەزارەتى بەرگرى چوار هەزار ژن هەن، کە دووانیان گەیشتوونەتە پلەى لیوا، لەکاتێکدا بە گوتەى بەرپرسێکى ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران 12 هەزار ژن لە وەزارەتى ناوخۆى عێراقدا هەن.
 
"بەشداری ژنان لە سوپای عێراق 1% بۆ 2% تێناپەڕێت"، ئەو گوتەیە فەریق روکن حامید محەممەد، یاریدەدەری سوپاسالارى عێراق، کە لە پەراوێزی وۆرکشۆپێکدا لە هەولێر لە بارەی زیادکردنی رۆڵی ژنان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، قسەی بۆ رووداو کرد.
 
فەریق روکن حامید محەممەد گوتی: "وەزارەتی بەرگری هەوڵی بەهێزکردنی بوونی ژنان دەدات لە پۆست و ئەرکی سەربازیی و کارگێڕییەکاندا."
 
وەزارەتی بەرگری عێراق بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەوڵی دانانی پلانێکدایە بۆ ئەوەی رۆڵ و بوونی ژنان لەو دامەزراوە سەربازییەدا زیاتر بکرێت.
 
بە گوتەی یاریدەدەری سوپاسالارى عێراق، ژن هەیە لە وەزارەتی بەرگری پلەکەی گەیشتووەتە لیوا، عەقید و عەمید.
 
پەیوەندیکردن بە سوپای عێراق لە رێگەی خولەکانی مەشقەوە دەبێت، هەندێکیان شەڕکەر و هەندێکى دیکەیان ئەرکى سیڤیل و کارگێڕییان پێ دەسپێردرێت.
 
ماجید فاخر، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگری و پێداویستییەکان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە رووداوی راگەیاند، کاردەکەن بۆ ئەوەی ژن بەشدار بێت لە پۆستە باڵاکان بۆ هێنانەکایەی یەکسانی لەگەڵ پیاو، گوتیشی: "دووژن بە پلەی لیوا و یەکێکی دیکەش پلەی عەمیدی هەیە."
 
ئەو ژنانەی لە وەزارەتی بەرگرین، زۆرینەیان لە ناو وەزارەت کارى کارگێڕى دەکەن.
 
یوسرا کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پشکنین بۆ ژنانی عێراق لە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "توێژینەوەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی بەرگری و نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژن لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا و لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەی راسپاردەکانی ئەو توێژینەوەیە بۆ چەند ساڵی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت."
 
ئەو ژنە بەرپرسەی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران گوتی: "زیاتر لە چوار هەزار ژن لە وەزارەتی بەرگری هەن، لەکاتێکدا 12 هەزار ژن لە وەزارەتی ناوخۆ هەن."