بەرپرسان پشتڕاستیدەکەنەوە؛ ئەمریکا داوا دەکات گرووپە چەکدارەکان بەشێک نەبن لە حکومەتی نوێ
رووداو دیجیتاڵ
مانگێک زیاترە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کراوە، سەرکردەکانی شیعە، سوننە و کورد، هێشتا لەنێو گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێدان بێ ئەوەی سەرەداوی ئەو حکومەتە دەربکەوێت.
چاوەڕوانی هەمووان بۆ پەسندکردنی ئەنجامەکان بوو لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عێراق، دادگەکە یەکشەممەی رابردوو 14-12-2025 ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسندکرد، ئیدی وادە دەستوورییە دانراوەکان دەمێنێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هەرچەندە لە هەندێک خولدا ئەو وادانە جێبەجێنەکراون و پێکهێنانی حکومەت لەوە زیاتر درێژەی کێشاوە کە دەستوور دیاریکردووە، ئەوە جگە لە گوشاری ئەمریکا لەسەر عێراق بۆ بەشداریپێنەکردنی باڵە سیاسییەکانی گرووپی چەکدار.
لە نێو گۆڕانکارییە هەژێنەرەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە تێیدا هاوپەیمانی نوێ پێکدێن و هاوپەیمانە کۆنەکان لە پاشەکشەدان، سەرکردەکانی عێراق لەبەردەم ئەرکێکی سەختدان، ئەرکێک لێیان دەخوازێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو گرووپانە دیاری بکەن کە ئەمریکا لە ' لیستی رەش'ـی دایناون .
ئەمریکا چی دەوێ؟
ئەمریکا بەم رۆڵ و هەژموونەی لەماوەی دوو زیاتر لە دوو دەیە لە عێراق هەیەتی، چاوەڕوانی ئەوەیە حکومەتی نوێی عێراق بێ گرووپی چەکدار بێ، مارک ساڤایا، دیپلۆماتی عێراقی-ئەمریکی کە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەکو نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرا، رۆژی 11-12-2025 رایگەیاند: "عێراق لەبەردەم دووڕیانێكدایە، هیچ وڵاتێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر گرووپە چەکدارەکان رکابەرایەتیی دەوڵەت بکەن و دەسەڵاتەکەی لاواز بکەن".
بەڵام سەرکردەکانی عێراق لە ئاڵنگاری دیکەش دوورنین، ئەویش داوای ئێران و هەژموونیەتی بەتایبەت لەلایەن باڵی سیاسی ئەو لایەنانەی وڵاتەکە پشتگیریان دەکات، عێراق لەنێوان هەردوولادا چەندین ساڵە هەوڵی هاوسەنگی دەدات لە پەیوەندییەکان، ئێستا لەدوای هەڵبژاردن، بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان گوتووە، "واشنتن داوا دەکات گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران نەچنە نێو حکومەتی نوێی عێراق".
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکرێت دەڵێت: "سەرکردەکانی عێراق باش دەزانن، چی لەگەڵ هاوبەشیی بەهێزی نێوان عێراق و ئەمریکا گونجاوە و چی گونجاو نییە.''
بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بێ: "واشنتن بەردەوام دەبێ لە گفتوگۆی روون لەگەڵ عێراق لەسەر پێویستیی خێرای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران''.
بەڵام هەندێک لەو گرووپانە، ژمارەی کورسی و دەنگیان زیاد کرد لە هەڵبژاردندا و لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان، چەتری کۆکراوەی لایەنە شیعەکانە و ئەو هاوپەیمانێتییە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەستنیشان دەکات، چەند هەفتەیەکیشە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گفتوگۆ و کۆبوونەوە دەکات بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو.
بەرپرسێكی عێراقی گوتویەتی: "ئەمریکا مەرجی داناوە، گرووپە چەکدارەکان نابێ بەشێک بن لە حکومەتی نوێ، دەبێ ئەو گرووپانە هەڵوەشێنرێنەوە و چەک دابنێن و هەموو پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران ببڕن.''
هەروەها پێش چەند رۆژێکیش مارک ساڤایا گوتی: "عێراق لەبەردەم دووڕیانێکدایە، بڕیارەکانی ( سەرکردەکانی عێراق)، ئاماژەی روون و راستن بۆ ئەمریکا کە عێراق بەرەو ناوچەیەکی سەقامگیر و وڵاتێکی رێزلێگیراو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەنگاو دەنێت.''
ساڤایا هەروەها دەڵێ: "لەبەرامبەر ئەوەدا جێگرەوەکە بەتەواوی روونە، داڕمانی ئابووری، پشێوی سیاسی، دابڕانی نێودەوڵەتی.''
کام گرووپی چەکدار داواکراوە دووربخرێنەوە؟
پێش چەند مانگێک، ئەمریکا ژمارەیەک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە "تیرۆرست" ناساند، ئەوان بەشێکیش بوون لەو بەرەیەی پێکهێنرابوو بەناوی " بەرەی مقاوەمە'' و داوای کشانەوەی ئەمریکایان دەکرد لە عێراق و لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە چەندین هێرشیان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و وڵاتانی دیکە .
ئێستا بەشێکی زۆری ئەو گرووپانە کورسیان هەیە لە پەرلەمان، دەنگ و هەژموون و پێگەی سیاسیان بەهێزتر کردووە، یەکێک لەوانە عەسائیب ئەهل حەقە کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، بە 27 کورسییەوە بووەتە بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەرهێنانی لە حکومەتی نوێی عێراق کارێکی زەحمەتە بۆ لایەنە شیعەکان، بەڵام یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە پۆستە وزارییە گرنگەکانی لەدەست نەبێ.
بەرپرسێکی عێراق کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە دەڵێت: "پێشتر ئەمریکا چاوی لە هەندێک پۆست بۆیان داگرتووە، بۆیە لە کۆتاییدا ئەو(ئەمریکا) لەگەڵ حکومەت پەیوەندی هەیە نەک ئەو وەزارەتانەی بەدەستی گرووپەکانەوەن.''
ئەو گرووپانەی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان ئەمانەن:
کەتائیبی حیزبوڵڵا: یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکان و باڵە سیاسییەکەی 6 کورسی پەرلەمانی هەیە، بزووتنەوەی حقوق کە سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵایە، ئەحمەد موحسین فەرەج حەمیداوی سەرۆکایەتی دەکات، ئەوان بە لیستی سەربەخۆ بەشداربوون، بەربژێرانیان لە بەشێکی ئەو 10 پارێزگایە سەرکەوتوون کە تێیدا بەشداربوون، ژمارەی دەنگەکانی حقوق زیاتر لە 230 هەزار دەنگە.
کەتائیبی ئیمام عەلی: لیستی خەدەماتی هەبوو لە هەڵبژاردن، شیبل زەیدی، سەرۆکی کەتائیبی ئیمام عەلییە، توانیان 5 کورسی بەدەستبێنن.
کەتائیبی سەیدولشوهەدا، ئەنساروڵڵا، ئەوفیا و نوجەبا چەند گرووپێکی دیکە بوون خرانە لیستی تیرۆری ئەمریکا.
چی لەبەردەمماندایە؟
عێراق لە گەشەی ئابووریدا لەبەردەم ئاڵنگاریدایە، پاش چەندین ساڵ لە مشتومڕ و ناسەقامگیری، چەند ساڵێکە دۆخەکەی ئاسایی بووەتەوە، لەکاتێکدا واشنتن پێشتر چەندین دامەزراوە و بانکی عێراقی سزاداوە و تۆمەتباری کردوون بە 'هاوکاری' ئێران لە خۆدزینەوە لە سزاکان، بەڵام ئێستا سەرکردەکانی عێراق بە هیوای ئەوەن بە پشتیوانی وەبەرهێنانی زیاتری بیانی و پشتیوانی و هاوبەشی کۆمپانیاکانی ئەمریکا وڵات ببووژێننەوە، دیارترینیشی قسەی قەیس خەزعەلی بوو کاتێک گوتی: "لە بەرژەوەندی بەغدایە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا وەبەرهێنانی تێدا بکەن".
لەوەتەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، عێراق بە رێژەییش بێ کەمێک بێ زیان ماوەتەوە لەو هەڵکشانانەی ناوچەکەدا، هیچ یەکێک لەو هێرشانەشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق کردیانە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو ئامانجەی نەپێکا مەبەستیان بوو، واشنتنیش بە هێرشی تووند و فراوان وەڵامی دانەوە و دواتر هێرشی گرووپە چەکدارەکان نەمان، جگە لەوەی عێراق یەکێک بوو لەو وڵاتانەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەیە و نەکەوتە بەر زیانەکانی هێرشی ئیسرائیلیش.
چەندین سەرچاوە پشتڕاستیان کردووەتەوە، ئەمریکا رێگر بوو لەوەی ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر عێراق، بەڵام سەرکردەکانی عێراقیش هۆشداریان پێدرابوو بەرامبەر هەر کردەوەیەکی گرووپە چەکدارەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ قۆناخی داهاتوو هێشتا دیار نییە ئایا عێراق چۆن داواکەی ئەمریکا جێبەجێ دەکات، لەکاتێکدا وادە دەستوورییەکانی پێکهێنانی ئەو حکومەتە دەستپێدەکەن، ئەوە جگە لەوەی ترس هەیە لە قۆناخێکدا کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نەمێنن.