عێراق لە 9 مانگدا زیاتر لە 8 ملیۆن تۆن لە بەرهەمەکانى نەوتی هەناردە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق لیژنەیەک بۆ زیادکردنی داهاتی هەناردەی بەرهەمەکانى نەوت پێکدەهێنێت، کە لە 9 مانگدا زیاتر لە 8 ملیۆن تۆن لە جۆرە جیاوازەکانى هەناردە کردووە و زۆرینەی نەوتی رەش بووە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە 18ی کانوونی یەکەمی 2025 بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی دا بۆ تاوتوێکردنی شێوەکانی بارکردن و هەناردە، لەپێناو کاراکردنی گواستنەوە و هەناردەی بەرهەمەکانى نەوت.
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانى عێراق، ئەو هەنگاوە بۆ زیادکردنی داهاتە لە رێگەی هەناردەی بەرهەمەکانى نەوت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە گواستنەوە لە رێگەی دەریاوە.
نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووریی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق چوار کەشتیی بچووکی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەکانى نەوتی هەیە و کەشتیگەلی گەورەی نییە بۆ هەناردەکردن، کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە دەکرێت."
بەگوتەی مەرسوومی، بڕی بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانەى نەوت جێگیر نین و هەندێکجار زیاد دەبن و هەناردە دەکرێن و هەندێکجاریش هاوردە دەکرێن.
بەگوێرەی ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە سێ چارەگی ئەم ساڵ عێراق 8,573,070 تۆن بەرهەمەکانى نەوت هەناردە کردووە، کە 7,752,983 تۆنی نەوتی رەش بووە.
نەبیل مەرسوومی رایگەیاند، لە یەک بەرمیل نەوت لە کاتی پاڵاوتندا 79 لیتری وەک نەوتی رەش دەمێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی توانای پاڵاوگەکان بەو شێوەیە نییە، کە زیاتر سوودی لێ ببینرێت، نرخەکەشی لە بازاڕی جیهانیدا 40% کەمترە لە نرخی بەرمیلێک نەوت.
ئاماری هەناردەی بەرهەمەکانى نەوتى عێراق لە 9 مانگی ساڵی 2024 گەیشتووەتە 8,405,582 تۆن، کە بەراورد بە هەمان ماوە، ئەم ساڵ، 131,488 تۆن هەناردەی ئەو بەرهەمانە زیادی کردووە.
جگە لە نەوتی رەش، لە سێ چارەگی ئەم ساڵ عێراق 45,289 تۆن سووتەمەنی فڕۆکە، 770,826 تۆن نەفتا و 3008 تۆن کبریتی هەناردە کردووە.
حکومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی زیادکردنی داهاتی بەرهەمەکانى نەوت، پشکی نەوت لەپاڵ هەناردەی نەوتی خاو زیاد بکات، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە.
راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ سێ چارەکی ئەم ساڵ دەریخستووە، داهاتی نەوتی 81 تریلیۆن و 748 ملیار و 817 ملیۆن دینار بووە، کە 90%ی تێکڕای داهاتەکانی عێراقی لەو ماوەیەدا پێکهێناوە.