عەممار حەکیم: سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق ئەرکی گەورەی لەئەستۆدایە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، پێویستە لایەنە سەرەکییەکانی عێراق پەلە لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێدا بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێ چەک تەنیا لەژێر دەستی دەوڵەت بێت و کارنامەی سەرەکی حکومەتەکەش چاکسازیی ئابووری بێت. 
 
ئەم ئێوارەیە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەتی حیکمەی نیشتمانی لە رۆژی شەهیدی میحراب کە بە رۆژی شەهیدی عێراقی ناسراوە، گوتارێکی لە بەغدا پێشکێش کرد. 
 
عەممار حەکیم رایگەیاند، دەبێ چەک تەنیا لەژێر دەستی دەوڵەت بێت و گوتی، کارێکی لەو جۆرە واتای ئەوەیە یاسا سەروەرە؛ هەروەها گوتی: "نابێ سەروەری یاسا ببێتە ئامرازی ئەجێندای بیانی، بەڵکو بڕیار تەنیا دەبێ بڕیاری عێراقی بێت." 
 
عەممار حەکیم ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە "پەلە بکرێ لە پێکهێنانی حکومەت و رێز لە وادە دەستوورییەکان بگیرێ. قبووڵ ناکەین سەردەمێکی نوێ لە پێشێلکاری دەستوور هەبێ. پێویستە پرۆسەی سیاسی تەنیا لە خزمەتی ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بێ. دەبێ هەمووان بزانن هێزی عێراق لە گوتاری سیاسی نییە، بەڵکو لە یەکگرتوویی بڕیار و کارامەیی حکومەتەکەیەوە دەبێت."   
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق رایگەیاند: "پێویستمان بە حکومەتێکی بەهێزە بە تیمێکی وەزاری دانا و بەرپرسیار و ئەزمووندار. سەرۆکوەزیرانێکمان دەوێ بزانێت چی بکات و سازش لە مافی خەڵک نەکات. سەرۆکوەزیرانێکمان دەوێ رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەک ببێتەوە و چاکسازیی ئابووری بکات." 
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتی: "پێویستمان بە تیمێکی وەزارییە هەست بەوە بکات عێراق لە دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە. دەبێ پرۆژەی وەزارەتەکان تەنیا بۆ خزمەتی ئابووری بن؛ هەر وەزارەتێک پلانی ستراتیژی ئابووری نەبێت پێویستمان پێی نییە. دەبێ کارنامەی حکومەت تەنیا و تەنیا چاکسازی ئابووری بێت." 
 
عەممار حەکیم رایگەیاند، رەنگە لەگەڵ شێواز و میکانیزمی پلانەکانی حکومەت ناکۆک بین، بەڵام "گرنگە کۆک بین لەسەر چاکسازیی ئابووری و بەهێزکردنی ئابوورییەکی بەرهەمهێندراو، چونکە حکومەتێک بەرهەمی نەبێت بەهێز نابێت، تەنیا پشت بە نەوت ببەستین دوادەکەوین. ئێمە وڵاتێکی هەژار نین، تەنیا پێویستمان بە بڕیاری بوێرانەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە. ئیرادەیەکی بەهێزمان پێویستە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی." 
 
عەممار حەکیم گوتی، هاووڵاتییان بێزارن لە قسە و دروشم؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "بۆ ئەوەی هاووڵاتیی متمانەمان پێبکات دەبێ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پلانی 100 رۆژی یەکەمی رابگەیێنێت و بە کردەیی جێبەجێی بکات. سەرۆکی حکومەتی داهاتوو پێش هاتنی هاوین، کێشەی کارەبا چارەسەر بکات؛ هەروەها پێویستە قەیرانی ئاو، بێکاری، تەندروستی و گەندەڵی چارەسەر بکات. لە هەمان کاتدا دەبێ ئامادەکاریی بۆ گۆڕانگاریی پێشبینیکراوی هەرێمی بکرێ و سیاسەتی دەوڵەت دامەزاراوەیی بکات نەک میزاجی کەسی."