یەکەم گەشتی راستەوخۆ لە نێوان بەغدا و کۆپنهاگندا دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

یەکەم گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و کۆپنهاگنی دانیمارک دەکرێت، کە دەبێتە دووەم گەشتی راستەوخۆ لە نێوان فڕۆکەخانەکەی عێراق و وڵاتانی ئەورووپا لە ماوەی هەفتەیەکدا.
 
ئەمڕۆ هەینی 19ی کانوونی یەکەمی 2025، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: گەشتە راستەوخۆکە رۆژی شەممە 20ی کانوونی یەکەم لە فڕۆکەخانەی بەغدا و لە رێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی عومانەوە دەکرێت.
 
بەهۆی سزای وڵاتانی ئەورووپا، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ گەشت بۆ وڵاتانی ئەورووپا بکات، بۆیە پەنای بۆ هێڵی ئاسمانیی عومان بردووە.
 
مەیسەم سافی رایگەیاند، پێشتر گەشتەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەی ترانزێت دەکران.
 
دوای 35 ساڵ، رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم گەشتی ئەورووپی لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی یۆنانی بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا کرا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەی بەغدا و کۆپنهاگن چوون و گەڕانەوەن و بەردەوام دەبن.
 
مانگی 12ی 2015، یەکێتیی ئەورووپا هێڵی ئاسمانیی عێراقی خستە لیستی رەشی فڕۆکەوانیی جیهانییەوە، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوونی بە مەرجەکانی سەلامەتیی فڕۆکەوانییەوە.