وەزیری بەرگری و سوپاسالاری عێراق لەسەر سنووری سووریان؛ "چاودێریی جووڵەی داعش دەکەین"

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، "هەر کەسێک لە سنوور نزیک ببێتەوە تەقەی لێدەکرێت،" ئەمڕۆ وەزیری بەرگری و سوپاسالاری عێراق گەیشتنە سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا. وەزیری بەرگری دەڵێت، "رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەین ئاسایشی عێراق تێکبدات."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026 وەفدێکی باڵای سەربازی بە سەرۆکایەتیی فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، گەیشتە سنووری عێراق و سووریا بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنی و ئامادەکاریی هێزەکان.
 
هەروەها سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە پەیامێکدا، کە لەگەڵ وێنەیەکی خۆی و فەرماندە سەربازییەکانی لەسەر سنوور بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، "بە وردی چاودێریی پێشهاتە هەرێمییەکان دەکەین و رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەین، لەنێویاندا جووڵەی چەکدارانی داعش، کە دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەرن."
 
وەزیری بەرگری دڵنیایی دەدات، "سنوورەکانی عێراق لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانماندایە و سوپای عێراق خاوەنی توانای بەرز و پلانی تۆکمەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئاڵنگارییەکی ئەمنی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگری، ئامانج لە سەردانەکەی سوپاسالار و وەزیری بەرگری، بەسەرکردنەوەی ئەو یەکە سەربازییانەیە کە بە درێژایی سنوورەکە بڵاوکراونەتەوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە ئامادەییان و هەڵسەنگاندنی ئەو رێکارانەی بۆ رێگریکردن لە هەر "پێشێلکارییەکی ئەگەری" گیراونەتەبەر.
 
ئەم سەردانە مەیدانییە لە کاتێکدایە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و هەواڵی هەڵاتنی ژمارەیەک چەکداری داعش لە زیندانەکان، عێراق رێوشوێنە ئەمنییەکانی لەسەر سنوور توندتر کردووەتەوە.
 
پەیوەست بە دۆخی سنوورەکان، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانی کردووە بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری و سوپاسالار، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان.
 
پێشتریش عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاندبوو، سێ ساڵە پێشبینیی ئەم دۆخەی ئێستای سووریایان کردووە و بۆ ئەو مەبەستە خەندەقێکیان بە درێژایی 620 کیلۆمەتر لێداوە و خاڵەکان بە کامێرای گەرمیبین تەیار کراون.
 
وەزیری ناوخۆ هۆشداریشی دابوو کە فەرمانیان بە هێزەکان کردووە: "هەر کەسێک لە سنوور نزیک بێتەوە تەقەی لێدەکرێت."