کەتائیبی سەیدولشوهەدا: ساتێک بۆ بەرگریکردن لە کورد سڵ ناکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا پەیامێکی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەموو ناکۆکییەکان لەبەردەم "پەیمانی برایەتیی نیشتمانی" نامێنن و رایدەگەیەنێت: "چۆن بەدەم بانگەوازی خوشک و برا سوننەکانمانەوە چووین، ئاواش بۆ بەرگریکردن لە کورد ساتێک سڵ ناکەینەوە."
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "لەبەردەم پەیمانی برایەتیی نیشتمانیدا، هەموو ناکۆکی و تێبینییەکان نامێنن. کورد برای ئێمەیە و لەم نیشتمانەدا هاوبەشمانن، یەکێتیی مێژوو و چارەنووسی هاوبەش کۆمان دەکاتەوە."
وەلائی هەڕەشە دەکات و دەڵێت: "هەر دەستێکی تاوانکار کە بۆ خراپە بۆیان(کورد) درێژ بکرێ، بەو هێز و تووندییەی پێویستە رووبەڕووی دەبینەوە."
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا ئاماژەی بە شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2014 و ساڵانی دواتر کردووە و دەڵێت: "وەک چۆن بەدەم بانگەوازی سەرخستنی کەسوکارە سوننەکەمانەوە چووین کاتێک تیرۆر هەڕەشەی لە بوونیان دەکرد، بەهەمان شێوە بۆ ساتێکیش بێت سڵ ناکەینەوە لەوەی لەگەڵ کەسوکارە کوردەکەمان لە یەک سەنگەردا بوەستین، ئەگەر تیرۆر دەستدرێژی بکاتە سەر ئاسایش و شکۆیان."
ئەبو ئالا وەلائی بە ئاماژەدان بە دۆخی ناوچەکە و رۆڵی ئەمریكا دەڵێ: "راستییەک هەیە رۆژ بە رۆژ زیاتر روون دەبێتەوە و گومانی تێدا نییە؛ ئەوەی خۆی بە ئەمریکا دابپۆشێت، رووتە. نیشتمانەکان جگە لە رۆڵەکانیان پشتیوانییان نییە و بە ویست و یەکێتیی خۆیان نەبێت، پارێزراو نابن."