موقتەدا سەدر بۆ پاسەوانی سنووری عێراق: لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدا بن
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە لە سنووری سووریا دەکات و داوایان لێدەکات لە "بەرزترین ئاستی وریایی و ئامادەیی" دا بن بۆ رێگری لە هەر دزەپێکردنێک.
ئەمڕۆ سێشەممە، نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بە مەبەستی دڵنیابوون لە ئاستی ئامادەیی هێزە پاڵەوانەکانمان لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە مەترسیدارانەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت، بەڕێز موقتەدا سەدر پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە هێزە ئەمنییەکان و یەکە سەربازییە جێگیرکراوەکانی سەر سنووری عێراق - سووریاوە کرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەدر هانی هێزەکانی داوە "لە بەرزترین ئاستی وریایی و ئامادەییدا بن لە رێگەی بەگەڕخستنی هەموو توانایەکی سەربازی، تەکنیکی و ئەمنی بۆ پاراستنی سنوورەکان لە هەر دزەپێکردنێک."
بەگوێرەی نووسینگەکەی، لە پەیوەندییەکەدا رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە "ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ هەر پاڵپشتییەکی پێویست لەو پێناوەدا" دەربڕیوە.
لەدوای رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا و هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمە سێیەم جارە موقتەدا سەدر پەیام لەبارەی مەترسییەکانی ئەو رووداوانە بۆ سەر عێراق بڵاودەکاتەوە.