قاسم ئەعرەجی: داعش هەڕەشەیەکی راستەقینەیە و دۆخی سووریا دەقۆزێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، هێشتا داعش مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان، هاوکات داوای یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "لە روانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و هەرێمیی عێراقەوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، جەخت دەکەینەوە کە مەترسیی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێشتا هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، داعش دۆخی ناسەقامگیریی سووریا و ئەو "بۆشاییە ئەمنی و مرۆییانە" دەقۆزێتەوە کە ساڵانی شەڕ و ململانێ لەو وڵاتەدا دروستیان کردووە.
ئەعرەجی دەڵێ: "عێراق داوا دەکات هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بە شێوەیەکی گشتگیر یەکبخرێن."
بە گوتەی قاسم ئەعرەجی، ئەو هەوڵانە دەبێت لە رێگەی "هاوئاهەنگیی ئەمنی، پاڵپشتیکردنی چارەسەرە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی رەگ و ریشەی تووندڕۆیـیەوە بن، بە جۆرێک پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکە و جیهاندا مسۆگەر بکەن."