سوودانی: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ناتوانن پارەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بدەن، بۆیە دەبێت یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و دەشڵێت، وردبینی هەمواری یاسای بودجە لە قۆناخی کۆتاییدایە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، رایگەیاند، "ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئەمە پشکێکی فیدراڵییە".
رۆژی 14-1-2024، دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا.
رۆژی 1ی شوباتی 2024 وەزارەتی دارایی عێراق 618 ملیار دیناری رەوانەی هەرێمی کوردستان كرد. دواتر لە ماوەی هەفتەیەک مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشکرا.