داواکاری گشتیی بەرلین بۆ رووداو: هاووڵاتییەکی عێراقی تۆمەتباری دزییەکی گەورەی دزینی زێڕ و خشڵی دیکەیە
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی بەرلین دەڵێ، هاووڵاتییەکی عێراقی تەمەن 38 ساڵ کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە دزینی خشڵ و کاتژمێری گرانبەها بە بەهای 18 ملیۆن یۆرۆ تۆمەتبار دەکرێ، لە فڕۆکەخانەکەی پایتەختی ئەڵمانیا دەستگیرکراوە. بە گوتەی داواکاری گشتی، دیار نییە تۆمەتبارەکە عەرەبە یان کورد یان چ نەتەوەیەکی دیکە، بەڵام ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە وڵاتینامەی ئەڵمانی نییە.
رۆژی هەینی، 20ـی شوباتی 2026، ئالان باوەر، گوتەبێژی داواکاری گشتیی بەرلین، سەبارەت بەو کەسەی کە رۆژی 11ـی شوبات لەکاتی پشکنینی پاسپۆرت لە فڕۆکەخانەی بەرلین دەستبەسەرکرا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە لە ئەنقەرەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەڵمانیا.
ئالان باوەر ئاماژەی بە راگەیێندراوی هاوبەشی داواکاری گشتی و پۆلیسی فیدراڵی کرد کە تێیدا باس لە تۆمەتەکانی ئەو گومانلێکراوە دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی لێکۆڵینەوەی ئێستا، گومان دەکرێ ئەو کەسە لە تشرینی دووەمی 2022دا یەکێک بووبێت لە بەشداربووانی دزییەکی گەورەی بەکۆمەڵ. بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسە لەو رووداوەدا خشڵ، زێڕ و کاتژمێری دەستیی بە بەهای نزیکەی 18 ملیۆن یۆرۆ لە قاسەیەک دزیوە."
ئاماژە بەوەش کراوە کە دوای دزییەکە "شوێنی رووداوەکە سووتێنراوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، تۆمەتبارە عێراقییەکە لە فڕۆکەخانەوە بۆ زیندانی موابیت لە بەرلین گواستراوەتەوە و دواتر براوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.
بەگوێرەی یاساکانی ئەڵمانیا، تاوانی "دزیی گەورەی بەکۆمەڵ" بەپێی مادەی 244 لە یاسای سزادانی ئەو وڵاتە، سزاکەی لە ساڵێک تاوەکو 10 ساڵ زیندانیکردنە.