عێراق بووە ئەندامى سندووقى بانکى ئەورووپا بۆ ئاوەدانکردنەوە
رووداو دیجیتاڵ
عێراق بووە ئەندامى بانکى ئەورووپیى ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوە کە تایبەتە بە راوێژى بونیاتنانى ئابووریى بازاڕ و پاڵشتیى وەبەرهێنانى ئەو وڵاتانەى لەو سندووقە سوودمەند دەبن.
سندووقى عێراقى بۆ بووژاندنەوەى دەرەکى لە وەزارەتى دارایی عێراق، ئاشکرایکرد، عێراق بووەتە ئەندامى بانکى ئەورووپى بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوە (EBRD). ئەمەش دواى ئەوەى پەرلەمانى عێراق پەیماننامەى بە ئەندامبوونى عێراقى لەو بانکە پەسند کرد.
پەرلەمانى عێراق لە 9ی ئایارى 2023، ئەندامبوونى عێراقى لەو بانکە پەسند کرد، کە لە ساڵى 2017ـەوە عێراق کارى بۆ ئەندامبوون لە بانکەکە دەکرد.
سندووقى عێراقى بۆ بووژاندنەوەى دەرەکى راگەیاندووە، ئەندامبوونى عێراق لەو سندووقە وا دەکات، بانکەکە پارەدارى پڕۆژەکان بکات لە ناو عێراق بۆ بووژاندنەوەى کەرتە جیاوازەکان، ئەوەش لە رێگەى پاڵپشتیی کەرتى تایبەت بە رێگەى راوێژکاری.
بانکى ئەورووپى بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوە، بارەگاکەى لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیایە، کە ئەرکى سەرەکى پێشکێشکردنى راوێژکاریی بونیاتنانى ئابووریى بازاڕە لەو وڵاتانەى کە لەو سندووقە سوودمەند دەبن، ئەوە جگە لە پاڵپشتیى کەرتى تایبەت و وەبەرهێنانەکانیان.