سوودانی: رێگە نادەین هێزە ئەمنییەکان بکرێنە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی سەردانی بارەگای لیوای 62ی هێزە تایبەتەکانی کرد. سوودانی رایگەیاند، رێگە بە هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان نادەن و "هێرشکردنە سەر هێزە سەربازی و ئەمنییەکان رەتکراوەیە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026، محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپا، فەرماندەی هێزە وشکانییەکان و فەرماندەی فیرقەی یەکی هێزە تایبەتەکان کۆبووەوە.
 
 لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە ئامادەیی هێزە چەکدارەکان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات کرا، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێ بەهۆی جەنگەوە.
 
سوودانی لە سەردانەکەیدا چاوی بە سەرباز و ئەفسەرانی لیواکە کەوت و ستایشی ئاستی بەرزی راهێنان و ئامادەییانی کرد.
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی لەسەر رۆڵی گرنگی هێزە چەکدارەکان کردەوە لە پاراستنی دامەزراوە ستراتیژییەکانی وڵات و گوتی: "هێرشکردنە سەر هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، بە تووندی رەتکراوەیە."
 
هەر لەو سەردانەدا، سوودانی ئاماژەی بەوە کرد کە لیوای 62 و فیرقەی هێزە تایبەتەکان، وەک "هێزێکی هەڵبژاردەی عێراقی" پۆلێن دەکرێن کە خاوەنی ئامادەییەکی بەرزن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دانیان پێدانراوە.
 
سوودانی گوتیشی، ئەو هێزانە باشترین چەک و کەرەستەی سەربازییان لەبەردەستە بۆ پاراستنی سەروەریی یاسا و قەوارەی دەوڵەت.